سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەرەکيی میسر کۆبووەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حەسەن ئەلخەتیب وەزیری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەرەکيی کۆماری میسر ئاماژەی بە واژۆکردنی گرێبەستێک دا کە لەم دواییانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، لەگەڵ کۆمپانیای ئیسکرامیکۆی میسری کردوویەتی بۆ دابینکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا، هاوکات دووپاتیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ حەسەن ئەلخەتیب وەزیری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەرەکيی کۆماری میسر کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر کرایەوە و باس لە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ قاهیرە و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتتاح سیسی کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە واژۆکردنی گرێبەستێک دا کە لەم دواییانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، لەگەڵ کۆمپانیای ئیسکرامیکۆی میسری کردوویەتی بۆ دابینکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا.