دادگای فیدراڵی بە فەرمی مەلا بەختیاری لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دوورخستەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وەڵامی تانەی کاندیدە دوورخراوەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری دایەوە. 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دوو دانیشتنی تایبەت بە بەرواری 19 و 20ی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری کۆتایی لەسەر 28 تانە دا کە لەلایەن ئەو کاندیدانەوە پێشکەش کرابوون کە ناویان لە لیستی پەسەندکراوی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆککۆماردا نەبوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دادگاکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، دەرچووە؛ لە کۆی 28 تانە، بڕیاری دوورخستنەوەی 24 کاندیدی پەسەند کردووە. هاوکات بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی چوار کاندیدی دیکە و بە شایستەی زانیون بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

ئەو چوار کاندیدەی کە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ لیستی ناوی کاندیدان دراوە بریتین لە:

- خالید سدیق عەزیز محەممەد

- ئازاد مەجید حەسەن

- رافیع عەبدوڵڵا حەمید مووسا

- سالم حەواس عەلی


دادگای باڵای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراقی پابەند کردووە بەوەی ناوی ئەو چوار کاندیدە بۆ لیستی ئەو کەسانە زیاد بکات کە مەرجەکانی خۆپاڵاوتنیان تێدایە.

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، تانەکەی مەلا بەختیار رەتکراوەتەوە و بە فەرمی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دوورخراوەتەوە. 

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لیستی کۆتایی ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بەم شێوەیەیە:

1. شوان حەوێز فەریق نامیق

2. ئەحمەد عەبدوڵڵا توفیق ئەحمەد

3. حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری

4. نەجمەدین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا

5. ئاسۆ فەرەیدون عەلی

6. سامان عەلی ئیسماعیل شالی

7. سەباح ساڵح سەعید

8. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی زاهیر

9. عەبدولەتیف محەممەد جەمال ڕەشید شێخ محەممەد

10. ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین حلێوی

11. نزار محەممەد سەعید محەممەد کەنجی

12. سەردار عەبدوڵڵا مەحموود تایمز

13. فوئاد محەممەد حوسێن بەگی

14. موسەننا ئەمین نادر

15. نەوزاد هادی مەولوود

16. خالید سدیق عەزیز محەممەد

17. ئازاد مەجید حەسەن

18. رافیع عەبدوڵڵا حەمید مووسا

19. سالم حەواس عەلی

 

پێشتر دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کرایەوە و تا ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو. 

 

هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق

1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.

2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.

3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.