زیاتر لە 15 هەزار کەس و کاری داعش لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق
گەڕانەوەی هەزاران کەس لە خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ کەمپی جەدعە لە موسڵ، ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی شارەکە و کەسوکاری قوربانیان دروستکردووە.
عومەر ڕۆژنامەنووسێکی موسڵە، باوک و مامی قوربانی دەستی داعشن، لە نزیکەوە چاودێری ڕەوش و شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، ناڕازییە لە حکوومەتی فیدراڵ کە خێزانەکانی داعش لە کەمپی "جەدعە" دەحەوێنێتەوە.
عومەری ڕۆژنامەنووس بە کوردستان24ـی گوت: بیرێکی توندڕەو هاتە ناو موسڵەوە، بچووک و گەورە، ڕۆشنبیر و کورد و عەرەب و موسڵمان و ئێزدی و کریستیان و کەسانی بێتاوان بوونە قوربانی، بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران شەرمەزارییە، کە بە تەنیا 90 ڕۆژ خێزانەکانی داعش شیاندنەوەیان بۆ دەکەن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکەنەوە، پێویستە حکوومەتی نوێ چاودێرییەکی وردی ئەوان بکات.
ڕووداو و شەڕ و ئاڵۆزی و هەڕەشەکانی سەر رۆژئاوا و ئازادکردنی داعش و خێزانەکانیان لە کەمپی هۆڵ، هاووڵاتییانی ئەم شارەشی نیگەران کردووە، بە گرنگی دەزانن حکوومەت هۆشیارییەکی باشی هەبێت.
هاووڵاتییەکی موسڵ دەڵێت، هیوادارین حکوومەت سنوورەکان زیاتر توندوتۆڵ بکات، تاوەکو دۆخی ئەمنی پارێزراو بێت و ئاڵۆز نەبێت، چونکە کەیسێکی گرنگە.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی فیدراڵ، 21 گرووپی خێزانەکانی داعشی لە کەمپی هۆڵەوە بۆ کەمپی جەدعە گواستووەتەوە، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 15 هەزار کەسن و هاووڵاتییانیش ئەوان بە مەترسی لەسەر کۆمەڵگە دەبینن.
سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ دەڵێت، ئەو خێزانانەی داعش کە لە کەمپی هۆڵەوە دێنە کەمپی جەدعە، شیاندنەوەیان بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ دەکرێت و چاودێریان دەکرێت، بەڵام هاووڵاتییانی ئەم شارە و بە تایبەتی کەسوکاری قوربانیانی دەستی داعش دەڵێن، "ئەو ماوەیە کەمە و ئەو خێزانانە لە داهاتوودا مەترسین لەسەر کۆمەڵگە."