سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە رێککەوتنە نوێیەکەی هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (وێنە: AA)
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (وێنە: AA)

سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە رێککەوتنە نوێیەکەی هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەکات و دەڵێت "هیوادارین پێش رژانی خوێنی زیاتر، کێشەکە بە هەمیشەیی چارە بکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا، پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. 

ئەردۆغان گوتیشی، "زۆر خۆشحاڵین بەو ڕێککەوتنی ئاگربەستەی دوێنێ (سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026) ئەنجامدرا. هیوادارین پێش ئەوەی خوێنی زیاتر بڕژێت، ئەم پرسە بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بێت".

ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، بە تێکەڵبوونی (هەسەدە لە نێو سوپای سووریادا) قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. سەقامگیربوونی سووریا زیاتر لە هەمووان دەبێتە هۆی حەسانەوەی کوردەکانی سووریا. گوتیشی، "تا ئاک پارتی هەبێت و هاوپەیمانی جومهور بەهێز بێت، پشتیوان بە خودا هەرگیز ڕێگە نادەین نادادپەروەری بەرامبەر برا کوردەکانمان بکرێت یان زیانیان پێ بگات."

ناوبراو باسی لە برایەتیی کورد، عەرەب و تورک کرد و گوتی "تورک، کورد و عەرەب وەک چۆن لە مێژوودا وابوون، بە یەکگرتوویی کێشەکانی ناوچەکەمان پێکەوە چارەسەر دەکەن. تاکە چەتری هاوبەشی ئێمە برایەتیی ئیسلامە".

سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداریشی دایە لایەنەکان و گوتی "لەمەودوا پەنابردن بۆ هەر جۆرە کارێکی ئیستفزازیی، بە واتای خۆکوژی دێت".

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە. باسی لەوەش کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، پیرۆزبایی ئەو ڕێککەوتنەی لێکردووە و پشتیوانیی تورکیای بۆ حکوومەتی نوێی سووریا دووپاتکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کاتژمێر 20:00ـی شەوی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاگربەستێکی چوار رۆژە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە دەستیپێکرد، ئەوەش دوای لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە تێیدا بڕیاردراوە سوپای سووریا نەچێتە ناوچە کوردنشینەکانەوە.