ڕامی عەبدولڕەحمان بۆ کوردستان24: کۆگایەکی چەک لەسەر سنووری سووریا و عێراق تەقییەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند؛ تەقینەوەیەکی گەورە و بەهێز ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراقی هەژاندووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژران و بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕامی عەبدولڕەحمان، تەقینەوەکە لەناو کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە شارۆچکەی "یەعروبییە" لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە ڕوویداوە. کۆگاکە لەو کاتەدا تەقیوەتەوە کە ژمارەیەک چەکداری سەر بەسوپای عەرەبی سووریا لەوێ ئامادەبوون، بە گوتەی سەرچاوەکان، تەقینەوەکە چەندین کوژراو و برینداری لە ڕیزەکانی ئەو چەکدارانەدا لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆگایە بەم دواییانە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی بۆ گواستراوەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەلیەعروبییە.
ئەم تەقینەوەیە زیانێکی ماددی زۆریشی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدایە کە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق لە دۆخێکی ئامادەباشی بەرزدایە و گرژییە ئەمنییەکان لەو سنوورە بەهۆی پێکدادانی بەردەوامی لایەنە نەیارەکانەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش مەترسییەکانی تێکچوونی زیاتری دۆخی مرۆیی و ئەمنیی لە ناوچەکە هێناوەتە ئاراوە.