فلتەری جگەرە هەزاران تەنۆلکەی ژەهراوی لە ئاودا دروست دەکات

توێژینەوەیەکی نوێی زانستی هۆشداری دەدات لە مەترسیی پاشماوەی جگەرە لە ژینگە و ئاشکرای دەکات، کە فلتەری جگەرە تەنیا لە چەند رۆژێکی کەمدا هەزاران تەنۆلکەی پلاستیکیی ورد (Microfibers) دروست دەکات و تێکەڵ بە سەرچاوەکانی ئاو دەبێت.

ئاشکرایە پاشماوەی جگەرە ماددەی نیکۆتین، کانزا قورسەکان و ژەهرەکانی دیکە دەڕژێنێتە ناو ژینگەوە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی "بافڵۆ" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرنجی خستووەتە سەر لایەنێکی دیکەی مەترسیدار، ئەویش فلتەرە پلاستیکییەکانە.

لە 20 چرکەدا پیسبوون دەستپێدەکات

ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە کە تەنیا یەک فلتەری جگەرە، کاتێک دەخرێتە ناو ئاوەوە، دەتوانێت لە  20 چرکەدا نزیکەی 24 تەنۆلکەی پلاستیکیی ورد (Microfiber) بڵاو بکاتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی ئاوەکە دەجوڵێن یان وەستاون. دوای 10 رۆژ مانەوە لە ناو ئاودا، ئەم ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و بەگوێرەی جوڵەی ئاوەکە دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.

سەرچاوەیەکی فەرامۆشکراوی پیسبوون

زۆربەی فلتەری جگەرەکان لە ماددەی "سلیلۆز ئەسیتات" دروست دەکرێن کە جۆرێکە لە پلاستیک. جۆن ئەتکینسۆن، سەرۆکی بەشی گەشەپێدانی بەردەوام لە بوارە ئەندازیارییەکان رایگەیاند: "پێشتر وامان دەزانی تەنۆلکە پلاستیکییە وردەکان تەنیا لە قوماش و جلوبەرگەوە دەچنە ناو ئاوەوە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە سەلماندی کە فلتەری جگەرە سەرچاوەیەکی راستەوخۆ و فەرامۆشکراوی ئەم پیسبوونەیە."

تاقیکردنەوەیەکی 10 رۆژە

تیمە زانستییەکە تاقیکردنەوەیەکیان بۆ ماوەی 10 رۆژ ئەنجامدا و پاشماوەی جگەرەیان خستە ناو سێ جۆر ئاو: ئاوی وەستاو، ئاوی خاوەن جوڵەی ناوەند، و ئاوی خاوەن جوڵەی خێرا. ئەنجامەکان شۆکهێنەر بوون؛ دەرکەوت یەک فلتەری جگەرە توانای ئەوەی هەیە زیاتر لە 10 هەزار تەنۆلکەی پلاستیکیی تێدا بێت کە لە ماوەی 10 رۆژدا نزیکەی 63 بۆ 144 تەنۆلکەی زیادە بڵاو دەکاتەوە، ئەمەش تەنیا بەگوێرەی جوڵەی ئاوەکە دەگۆڕێت.

مەترسییەکە لە شارە گەورەکاندا

توێژەران وەک نموونە، شاری نیویۆرکی ئەمریکایان وەرگرتووە و دەڵێن، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان رۆژانە لە نێوان 71 ملیۆن بۆ 1.4 ملیار تەنۆلکەی پلاستیکیی ورد تەنیا لە رێگەی پاشماوەی جگەرەوە تێکەڵی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو شارە دەبن، بەتایبەت ناوچە قەرەباڵغەکان دەکاتە چەقی پیسبوونی ژینگەیی.

ئەم توێژینەوەیە زەنگێکی مەترسییە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو رێکاریی توندتر بەرانبەر فڕێدانی پاشماوەی جگەرە بگرنە بەر، کە ئێستا وەک بڵاوترین جۆری پاشماوە لە جیهاندا هەژمار دەکرێت.