هێڵکاریی دەستێک لە ئەشکەوتێکی ئیندۆنیزیا، نهێنییەکی مێژوویی دەردەخات
شوێنەوارناسان شوێنەواری هێڵکاریی دەستێکیان لە ئەشکەوتێکی دوورگەی مۆنا، لە ئیندۆنیزیا دۆزیوەتەوە کە بەڕەنگی سوور کێشراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 67 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
ئەو هێلکارییە دێرینەی دەستەکە، لە لایەن گەشتیارانەوە لە ئەشکەوتێکی کڵسیندا لە دوورگەی مونا، لە باشووری ئیندۆنیزیا دۆزراوەتەوە. هێڵکارییەکە، پێشتر لە نێوان ئەو نەخش و نیگارانەی کە زۆر دواتر، لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە نەخشێنرابوون، سەرنجی خەڵک و پسپۆڕانی ڕانەکێشابوو، بەڵام چەند گەشتیارێکی وردبین، ئەو هێڵکارییەیان دۆزیوەتەوە.
لەبەر ئەوەی دوورگەکە دەکەوێتە نێوان ئوسترالیا و ئیندۆنیزیاوە، ئەم دۆزینەوەیە بۆ زانایانی شوێنەوارناس، هەنگاوێکی گرنگە بۆ زانینی سەرەتای مێژووی ژیانی مرۆڤ لە ئوسترالیا، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە ئەو هێڵکارییە لەلایەن باوباپیرانی دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئوسترالیاوە کێشراوە.

پرۆفیسۆر ماکسیم ئۆبێرت، شوێنەوارناس لە زانکۆی گریفیپ لە کوینزلاند گوتی: لەو جۆرە نیگار و هێڵکارییە مێژووییانە زۆر هەن، بەڵام دیاریکردنی مێژووەکەیان زۆر ئەستەمە. کاتێکیش مێژووەکەی دەستنیشان دەکرێت، دەروازەیەکی گەورە بە ڕووی لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا دەکاتەوە و جیهانێکی سەرلەبەر جیاوازمان سەبارەت بە مێژووی مرۆڤایەتیی نیشان دەدات.
پێشتر، لێکۆڵێنەوەی مەیدانی بە سەرپەرشتیی هەردوو پرۆفیسۆر، ماکسیم ئۆبێرت و ئادەم بیرەم، کە ئەویش لە زانکۆی گریفیپە، مێژوویەکی دەوڵەمەندی نیگارەکانی ئەشکەوتێکیان لە دوورگەی سولاوسی لە ئیندۆنیزیا ئاشکرا کرد، کە زۆربەیان لە ئەشکەوتەکانی باشووری ڕۆژئاوای دوورگەکەدان. لە ئەشکەوتێکدا، دیمەنێکی گێڕانەوەیی کە سێ نیگاری هاوشێوەی مرۆڤ و بەرازێکی کێوی نیشان دەدات، مێژووەکەی بۆ لانی کەم 51,200 ساڵ لەمەوبەر دیاری کرا.
وردەکاریی و شێوەی هێڵکارییەکە و بەکارهێنانی ڕەنگ، لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە، پشتیوانی لەو بەڵگانە دەکات کە دەڵێن باکووری ئوسترالیا لانیکەم، بەر لە 65,000 ساڵ مرۆڤی ژیر 'هۆمۆ ساپیێنس'ی تێدا ژیاوە.