سەباح نوعمان: 150 زیندانیکراوی داعش لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە

حکوومەتی عێراق، بەهۆی گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و دۆخی ئاڵۆزی سووریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەستی کرد بە وەرگرتنەوەی زیندانیانی داعش لە هێزەکانی سووریای دیموکرات. لە یەکەم قۆناغیشدا 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانی گواسترانەوە بۆ زیندانەکانی بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، وەک بەدواداچوونێک بۆ ئەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە گۆڕەپانی سووریادا ڕوودەدەن و بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسیی زیندانیانی داعش، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا بڕیاری داوە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان وەربگرێتەوە.

سەباح نوعمان ڕوونی کردەوە، کە پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەنجام دراوە و تێیدا عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر وەرگرتنەوەی تیرۆریستانی هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی و ڕەگەزنامە بیانییەکانی دیکەش، کە تا ئێستا لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، "بە شێوەیەکی کردەیی یەکەم کاروانی زیندانییەکان وەرگیراوەتەوە، کە ژمارەیان 150 تیرۆریستی عێراقی و بیانییە. ئەم تیرۆریستانە بەشێکن لەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان سوورە و ڕەوانەی دامەزراوە چاکسازییە حکوومییەکان کراون."

لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتووشەوە، لە ڕاگەیەنەراوەکەدا هاتووە، کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی، ژمارەی کاروانەکانی دیکە دیاری دەکرێن. ئامانج لەم هەنگاوەش گەمارۆدانی مەترسیی بڵاوبوونەوە یان هەڵاتنی ئەو تیرۆریستانەیە، کە وەک سەرکردەی ئاستی یەکەمی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە ئەژمار دەکرێن.

هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش  150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە بۆ ئەو وڵاتە.

هێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان، لە ساڵی 2025، زیاتر لە 300 ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 20 چەکداریشیان کوشتووە.