پارێزگاری دهۆک دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ زیانلێکەوتووانی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە و تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا کەلوپەلی نوێ و هاوکاریی دارایی وەردەگیرێت.

پێنجشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2026، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە دوێنێوە لە پارێزگای دهۆک هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە و شوێنی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری داندراوە لەنێو شار و دەرەوەی شار.

پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستە روو کە هەر کەسێک بیەوێت لە رێگەی پارەوە یارمەتی کوردانی رۆژئاوا بدات، دەتوانێت لە رێگەی ژمارەی ئەو هەژمارانەوە یارمەتییان بدات کە دەزگای خێرخوازی بارزانی رایانیگەیاندووە.

هەروەها راشیگەیاند کە بەیانی لە هەموو مزگەوتەکان سندووقی یارمەتی دادەنرێت بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی و هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 10ی شەو تا رۆژی دووشەممە یارمەتی کۆدەکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک جەختیشی کردەوە کە کەلوپەلی کۆن وەرناگرن، چونکە هیچ لایەنێک نییە ئەوان بتوانن ئەو کەلوپەلانەیان رادەست بکەن، بۆیە ئەگەر کەسێک توانای نەبوو زۆر ئاساییە بەشداری نەکات.

هەروەها عەلی تەتەر جەختیشی کردەوە کە متمانەی زۆری بە خەڵکی کوردستان و پارێزگای دهۆک هەیە کە هیچ درێغییەک ناکەن و هاوکاری باشیش کۆدەکرێتەوە.