لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا 67 کەس گیانیان لەدەستدا

دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی شاری کاراتشی باشووری پاکستان ڕایانگەیاند، ئاماری قوربانییانی ئەو ئاگرە گەورەیەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ناوەندێکی بازرگانی کەوتەوە، گەیشتووەتە 67 قوربانی. 

ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی گەڕان و ناسینەوەی تەرمەکان لە نێوان داروپەردووی سووتاوی باڵەخانەکەدا بەردەوامە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا پشکنینی پزیشکی بۆ 64 تەرم ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی سەختی سووتانەکەیانەوە، تەنیا ناسنامەی 8 قوربانییان تا ئەم ساتە ئاشکرا بووە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، زیاتر لە 50 خێزان نموونەی پشکنینی (DNA)یان کردووە، بەو هیوایەی بتوانن کەسوکارە ونبووەکانیان بناسنەوە. 

دەسەڵاتدارانی ئەو شارە جەختیان کردووەتەوە لەوەی، ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان بە خێزانەکانیان تەنیا دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هاوتاکردنی نموونەکانی (DNA) دەبێت.
ئاگرەکە لە ناوەندی بازرگانی (گۆڵ پڵازا) دەستی پێ کرد، کە ناوەندێکی زۆر ناسراوە و لە 3 نهۆم پێکهاتووە و زیاتر لە 1200 دوکانی جۆراوجۆری تێدایە، هەرچەندە لیژنەیەکی تایبەتی حکوومی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە بە نادیاری ماوەتەوە، هاوکات خێزانی قوربانییەکان ناڕەزایەتی بەرامبەر خاوی پرۆسەی گەڕان دەردەبڕن.
شاری کاراتشی کە ناوەندێکی گەورەی پیشەسازی و بازرگانییە لە پاکستان، بەردەوام ڕووبەڕووی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕ و کارگەکانی دەبێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوانە بۆ کۆنی باڵەخانەکان و خراپی ژێرخانی ناوەندەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام کارەساتی گۆڵ پڵازا بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانییەکانەوە، بە یەکێک لە گەورەترین و دەگمەنترین ڕووداوەکانی ئەو شارە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دادەنرێت.