نەتەوە یەکگرتووەکان: داوای ئاسانکاریمان کردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە کۆبانێ

ژمارەیەک هاووڵاتیی کۆبانێ
ژمارەیەک هاووڵاتیی کۆبانێ

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە رەوشی کۆبانێ و ئاماژە بەوە دەدات، گەمارۆ، ژیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە.

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆیانی لە رەوشی مرۆیی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و گوتی: "نیگەرانین هەموو رێگەکانی گەیشتن بە کۆبانێ داخراون، دۆخی مرۆیی تا دێت خراپتر دەبێت".

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەبا نییە، ئاو خراپە و خەڵک ناتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات. بنکە تەندروستییەکان بەردەوامن، بەڵام دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان زۆر کەمبوونەتەوە.".

نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ بەرپرسانی حەلەب بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە بۆ کۆبانێ. فەرحان حەق گوتیشی: "هاوکاریمان گەیاندووەتە حەسەکە، رەققە و دێرەزوور و داوای ئاسانکاریمان کردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان."

هاوکات تیمی مانگی سووری کوردی لە شاری کۆبانێ هۆشداری دەدات لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە شارەکەدا. لە پەیامێکی بەپەلەدا بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای فریاکەوتنی خێرای دۆخی مرۆیی شارەکە دەکات.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی تیمەکە، ماوەی چەند رۆژێکە شاری کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری رووبەڕووی هەڵمەتێکی سەربازیی دڕندانە و گەمارۆیەکی قورس بوونەتەوە. سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، گەمارۆکە بەردەوامە و رێگری لە گەیشتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ ناو شارەکە دەکرێت.

دۆخی کۆبانێ دوای چەندین رۆژ لە گەمارۆ و پێکدادانەکان، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لەناو شارەکە گیریان خواردووە و لە دۆخێکی خراپدان. بڕینی ئاو، کارەبا، سوتەمەنی، خۆراک و هێڵەکانی ئینتەرنێت، ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی پەکخستووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بۆ ناوەندی شار.

 زۆرێک لە ئاوارەکان ناچارن لەبەر سەرما و لە دەرەوە یان لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بمێننەوە. مانگی سووری کوردی رایگەیاندووە، ژمارەیەک منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.