عەدنان بۆزان: کۆبانێ لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی گەورەدایە و شارەکە گەمارۆ دراوە
عەدنان بۆزان، ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، هۆشداریی لە تێکچوونی باری مرۆیی شاری کۆبانێ دەدات و ڕایدەگەیەنێت؛ تێکەڵبوونی گەمارۆی سەربازی و سەرما و سۆڵەی زستان، ژیانی هاووڵاتیانی شارەکەی خستووەتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.
بۆزان ئاماژەی بەوە کرد؛ سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تا ئێستا ڕێگەکان بە داخراوی ماونەتەوە و ڕێگە نادرێت پێداویستییە سەرەکییەکان بگەنە ناو شارەکە. ئەمەش بووەتە هۆی کەمیی کاڵا و بەرزبوونەوەی نرخەکان و پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی لە کۆبانێ.
ئەو ئەندامەی ئەنەکەسە تیشکی خستە سەر قەیرانی وزە و ڕایگەیاند: "زیاتر لە هەفتەیەکە کارەبای شارەکە بڕاوە و سووتەمەنی و غاز لە بازاڕەکاندا نەماون." ئەمەش لە کاتێکدایە کە پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دابەزیون و بەفربارین بارگرانییەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. هاوکات باسی لە مەترسییەکی گەورە کرد بەهۆی نەمانی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شیری منداڵ، هەڕەشە لە گیانی سەدان کەس دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، بۆزان ئاماژەی بە شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون کرد لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێوە بۆ ناو شارەکە. بە گوتەی ئەو، ئاوارەکان لە مزگەوت و ماڵەکاندا نیشتەجێ کراون و لە دۆخێکی مرۆیی زۆر خراپدا دەژین و پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.
ئەو ئەندامەی ئەنەکەسە داوای کرد بە زووترین کات ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان بکرێتەوە. هەروەها ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی خەڵکی کۆبانێ و ڕۆژاوای کوردستان بوون لە تەنگانەدا.
عەدنان بۆزان جەختی کردەوە؛ کێشەی کورد لە سووریا بە شەڕ و ململانێی سەربازی چارەسەر نابێت، بەڵکو تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوون گفتوگۆی سیاسی و چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردە لە دەستووری داهاتووی سووریادا، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو نەهامەتییە مرۆییانە بهێنرێت.