سروە ڕەسوڵ: 97 کۆچبەری دیکە لە لیبیاوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ناوەندیی گشتیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران، ئەمڕۆ 97 کۆچبەر لە وڵاتی لیبیاوە گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆچبەرانەی گەڕاونەتەوە سەرجەمیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن.

دووپاتیشی کردەوە کە لە ئێستادا کۆچبەرەکان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

ڕۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی هەرێم سەرکەوتنی پرۆسەی گەڕانەوەی 100 گەنجی دیکەی ڕاگەیاند، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆچی نایاسایی بەرەو ئەورووپا، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر کرابوون و ڕووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت ببوونەوە.

لەم بارەیەوە سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو: کاروانی پێنجەمی گەنجانی کورد کە زۆرینەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە.

باسی لەوەش کرد؛ پرۆسەی گەڕاندنەوەی گەنجەکان، بە هەماهەنگیی لێژنەیەکی باڵا و هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆ- ناوەندیی هەماهەنگیی قەیرانەکان، فەرمانگەی پەیوەندییەکان دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەنجام دراوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە، هەروەها تیمێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم سەردانی وڵاتی لیبیای کرد بۆ ئەم مەبەستە.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: کە ئەم گەنجانە لە لیبیا تووشی نەهامەتییەکی زۆر ببوون، هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی ئەو وڵاتەدا مابوونەوە و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە.

وەزارەتەکە پەیامێکی ئاراستەی گەنجان و خانەوادەکانیان کرد و جەختی لەسەر مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی کردەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە کۆچە نەک تەنیا ژیانی گەنجان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی لە وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی بەدوادا دێت."

تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە دۆخە جیاوازەکاندا ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە.

سەبارەت بەو کۆچبەرانەی هێشتا لە لیبیا ماونەتەوە، ڕاگەیەندراوە کە ئێستا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەناو خاکی لیبیادان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردنیان، بڕیاریش وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی شەشەم بگەنەوە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی ئەو هاووڵاتییانەی کە دۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.