فوئاد حوسێن و کایا کالاس، تاوتوێی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکەیان کرد

(وێنەی ئەرشیف) فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و کایا کالاس نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا
(وێنەی ئەرشیف) فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و کایا کالاس نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا

ئەمڕۆ شەممە 24ـی کانوونی دووەمی2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە خاتوو کایا کاڵاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش پێگەیشت.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان کۆماری عێراق و یەکێتیی ئەوروپا و ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکانی بەرژەوەندیی هاوبەشدا کرد.

هەروەها، هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرد، بەتایبەتی لێکەوتەکان، ڕێککەوتنەکان و هۆکاری ئەو پێکدادانانەی کە لە هەندێک ناوچە ڕوویانداوە.

هەر لە پەیوەندییەکەدا، باس لە پرسی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و زیندانەکانی سووریا کرا، بەتایبەتی هەڵهاتنی ژمارەیەک لە ئەندامانی داعش لەو زیندانانەی کە کەوتوونەتە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). هەروەها، بارودۆخی ئەمنیی ناوچەی حەسەکەی سووریا تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان کرایەوە.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ڕۆڵی کارای ئەوروپا لە پاڵپشتیکردنی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ڕوون و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان.

لە بەشێکی دیکەدا، باس لە چارەنووسی دیلەکانی داعش کرا. کایا کاڵاس سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەتی عێراق دەربڕی سەبارەت بە ڕەزامەندییە سەرەتاییەکەیان بۆ وەرگرتنیان، هاوکات فوئاد حوسێن جەختی کردەوە؛ بارگرانییە ئەمنی و داراییەکانی پەیوەست بەم بابەتە نابێت تەنها لە ئەستۆی عێراقدا بێت، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی لە ئەستۆی هەموو وڵاتانی پەیوەندیداردایە.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، فوئاد حوسێن ئەنجامی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران خستەڕوو، هەردوولاش لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئاڵۆز و مەترسیداری ناوچەکەدا، سەبارەت بە پێشهاتەکان و پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.