ئیندۆنیزیا.. بەهۆی ڕۆچوونی زەوی دەیان کەس بوونە قوربانی

دەسەڵاتدارانی ئەندەنوسیا ڕایانگەیاند، بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم هەشت کەس و بێسەروشوێنبوونی دەیانی دیکە.

گوتەبێژی دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ئیندۆنیزیا ئاشکرای کرد، ڕووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ناوچەی "ڕۆژئاوای باندۆنگ" لە هەرێمی ڕۆژئاوای جاڤا ڕوویداوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تا کاتژمێر 10:30ـی خولەکی بەیانی، 83 کەس بێسەروشوێنبووبوون و تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان.

هۆکارە ژینگەییەکان و وەرزی بارانبارین
ئەم جۆرە ڕووداوانە لە ئیندۆنیزیا دیاردەیەکی نامۆ نین، بەتایبەت لە وەرزی بارانباریندا کە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تا مانگی ئادار دەخایەنێت، شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەم کارەساتانە دەگەڕێتەوە بۆ بڕینەوەی دارستانەکان، بە گوتەی ئەوان، نەبوونی دارستانەکان توانای خاک بۆ هەڵمژینی ئاو کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی.

ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دەیەکانی ڕابردوودا، ئاگرکەوتنەوە، چالاکییەکانی کانزاکاری و دروستکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان بوونەتە هۆی لەناوبردنی ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە.

پێشینەی کارەساتەکان و کاردانەوەی حکومەت
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هەر لە سەرەتای ئەم مانگەدا، 16 کەس لە دورگەی "سیاو" بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، لافاوێکی وێرانکەر لە دورگەی سۆمەترا بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 1200 کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە.

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم دۆخە ژینگەییە، حکوومەتی ئیندۆنیزیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی 28 کۆمپانیای دەرکرد، کە زۆربەیان لە بواری بەکارهێنانی دارستانەکان و کانزاکاریدا کاریان دەکرد.