رووحانی: بە رۆیشتنی ترەمپ زۆر دڵخۆشین
روحانی: بە ھاتنی بایدن شاگەشكە نەبووین
K24 – ھەولێر:
كاردانەوەكان لەسەر سەركەوتنی جۆبایدن لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ئێران بەردەوامە، ھەندێك بەھاتنی كاندیدی دیموكراتەكان بەپارێزەوە گەشبینن. ھەندێكیش ھەر بەچاوی ترەمپ سەیری بایدن دەكەن. سەرۆكی كۆماری ئێرانیش نایشارێتەوە، كە بە رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپ خۆشحاڵن و گوتی: ترەمپ تیرۆریست بووە و تەنانەت رێگەی ھاتنی دەرمان بە ئێران نەداوە.
حەسەن رووحانی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: ئێمە بە ھاتنی جۆ بایدن شاگەشكە نەبووینە، بەڵام بە رۆیشتنی زۆر دڵخۆشین، ئەو تاوانبار بوو، پیاوكوژ و تیرۆریست بوو، تەنانەت رێگە نادات ڤاكسینمان بەدەست بگات. حكومهتی داھاتووش بۆخۆی دەزانێت و رێگەكە بۆ ئەوان كراوەیە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەسەر زاری ھەندێك دیپلۆماتكاری ئێرانی رایگەیاندبوو، كە عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە وڵاتی عوممان لەگەڵ راوێژكارێكی جۆ بایدن كۆبووەتەوە. ئەگەرچی رۆژی چوارشەممە، عێراقچی ھەبوونی ئەو دیدارەی رەتكردەوە، بەڵام حەسەن رووحانی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران نایشارێتەوە، كە چاوهڕێی ھەنگاوی كرداری لە بایدن دەكەن و دەرگایان بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێكەوتنی ئەتۆمی كراوەیە.
ئۆلیوت ئابرامز، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، قسەی لەگەڵ تیمەكەی جۆ بایدن كردووە و پێی راگەیاندوون، دۆخی ئێستا زۆر لەگەڵ ئەو كاتەی رێكەوتنی ئەتۆمی كراوە جیاوازە، پێشتریش جۆ بایدن رایگەیاندبوو، چوونەوە بۆ ناو رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گفتوگۆی نوێ و جددی دەوێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەتووندی ئەوە رەتدەكەنەوە.
ئێستا نائۆمێدییەك لە ئێران لە بهرامبهر به جۆ بایدن بەدی دەكرێت، رۆژی چوارشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران روو بە كابینەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەوان نابێ دوژمنایەتییەكان لەبیر بكەن و لەجێگەی ھەوڵدان بۆ لابردنی گەمارۆكان دەبێت كار بۆ بێكاریگەركردنی ئەو گەمارۆیانە بكەن.