دەم پارتی داوای ئاگربەستی بەپەلە دەکات و هۆشداری لە تێکچوونی پاشەڕۆژی سووریا دەدات

تۆلای هاتیمۆگلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
تۆلای هاتیمۆگلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

تۆلای هاتیمۆگلاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکی پارتەکەی لە ئەنقەرە، جەختی لە پێویستیی ڕاگەیاندنی ئاگربەست کردەوە وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ سەرخستنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان. 

هاتیمۆگلاری هۆشداری دا لەوەی، بەردەوامبوونی پێکدادانە سەربازییەکان نەک هەر زیان بە لایەنەکان دەگەیەنێت، بەڵکو بە تەواوی پاشەڕۆژی دەوڵەتی سووریا دەخاتە ناو تەمومژی مەترسی و ناسەقامگیرییەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پابەندبوونی ئەوان بە ڕێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم، پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوە بۆ هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەوان بژاردەی ئاشتی و گفتوگۆیان هەڵبژاردووە، ناوبراو ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە، دەبێت دەنگی چەکەکان بێدەنگ بکرێن و زەمینەیەکی گونجاو بۆ کاری سیاسی بێتە کایەوە.

سەبارەت بە گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی ئەم دواییانە، هاتیمۆگلاری ئاشکرای کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوای کشانەوەیان لە ناوچەکانی ڕەققە و دێرەزوور، ئێستا هێزەکانی خۆیان لە ناوچە کوردنشینەکان چڕ کردووەتەوە و سەنگەرەکانیان بەهێزتر کردووە، هاوکات داوایەکی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرد کە خۆی لە پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازی بۆ حکومەتی دیمەشق بەدوور بگرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە.
ئەم لێدوانانەی هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا چڕتر بوونەتەوە، ڕێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەری سیاسی دەبینرێت، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئێستا و جووڵەی هێزە چەکدارەکان هێشتا وەک بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە ماونەتەوە، دەم پارتی وەک لایەنێکی کاریگەر لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوشاری سیاسییەوە ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕ و پاراستنی قەوارەی ناوچە کوردنشینەکان بکات.