بەهۆی شەپۆلی سەرما و بەفربارینەوە 61 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتییەکان لە ئەفغانستان ڕایانگەیاند: بەهۆی شەپۆلی بەفربارین و بارانی بەخوڕ لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، 61 کەس گیانیان لەدەستداوە و 110 کەسی دیکەش بریندار بوون. 

ئەم شەپۆلە سەختەی بەفر و باران نەک هەر زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە زۆربەی ناوچەکان و داخرانی ڕێگاوبانە سەرەکییەکانی ئە وڵاتە، ئەمەش گوزەرانی هاووڵاتییانی بەرەو قەیرانێکی قووڵتر بردووە.

بەپێی زانیارییەکانی دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، زۆربەی قوربانییەکان لە ویلایەتە ناوەڕاست و باکوور تۆمارکراون، ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، 458 خانوو بە تەواوی یان بەشێکیان وێران بوون و زیاتر لە 360 خێزان زیانی ڕاستەوخۆیان بەرکەوتووە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی هەرەسی بەفر، داڕمانی سەقفی خانووەکان و سەرما و سۆڵەی توندەوە بووە، بەتایبەت کە پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دابەزیون،لە ویلایەتی قەندەهار لە باشووری وڵاتەکە، تەنیا لە یەک ڕووداوی داڕمانی بنمیچی خانوو بەهۆی ڕەشەبا و بارانی بەخوڕەوە، 6 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.