رووناک عەزیز: لە رێگەی تابلۆکانمەوە پشتگیری لە کوردانی رۆژئاوا دەکەم

خانمە هونەرمەندی نیگارکێش، رووناک عەزیز، لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لە کارە هونەرییەکانیدا و باس لە پشتگیریی خۆی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، "منیش وەکو هونەرمەندێکی شێوەکار کەزیم هۆنییەوە، بەڵام کە ڤیدیۆکەم لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، سووکایەتیی زۆرم پێ کرا، چونکە ئەوان لە ژنی ئازاد دەترسن."

باسێکی ئەزموونی خۆت لە هونەری وێنەکێشان بکە؟
رووناک عەزیز گوتی: بەشداریی دەیان پێشانگەی هاوبەشم لە بەغدا کردووە، لە نێوان ساڵانی 1995 تا 2001، شەش پێشانگەی تاکەکەسیم لە بەغدا کردووەتەوە، لە شاری کەرکووک وەکو مامۆستای وێنەکێشان کارم کردووە و لە ساڵی 2005 تا 2010 بەڕێوەبەری کۆمەڵەی دیجلە بووم بۆ هونەرە جوانەکانی کەرکووک. 

هەروەها لە ساڵی 2011 لەگەڵ خێزانەکەم چووینەتە وڵاتی سوید، هەروەها دەیان پێشانگەی تاکەکەسی و گرووپیم لە وڵاتانی ئەوروپای وەکو نەمسا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا ئەنجام داوە، جگە لەوەی لە سوید پێشانگەی تاکەکەسی و گرووپیم هەبووە، بەشداریم لە 25 کۆنفرانسی هونەریی نێودەوڵەتی کردووە و خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانم وەرگرتووە؛ لەوانە پلەی چوارەمم لە یەکەم سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی ڤیەننا لە ساڵی 2016 بەدەست هێناوە. هەروەها لە ساڵی 2020 خەڵاتی سکۆلارشیپی کولتووری (Kulturstipendium)ـم لە شاری مەندالی سوید پێ بەخشرا، ئەوەش بەهۆی ڕۆڵی چالاکانەم وەکو هونەرمەندێکی شێوەکار. هاوکات لە ڕێگەی وێنەکێشانی ڕاستەوخۆوە بەشداریم لە دەیان ئێوارەکۆڕی شیعردا کردووە. کارە هونەرییەکانم جەخت لەسەر پرسەکانی ناسنامە و ژن دەکەنەوە و سوود لە ڕەنگ و هێمای گەش وەردەگرم کە ڕەنگدانەوەی کولتووری کوردییە. هەروەها شاعیرم و بەرهەمی ئەدەبیی بڵاوکراوەم هەیە.

ئەزموونی دەرەوەی وڵات، چ کاریگەرییەکی کردە سەر هونەری تۆ؟
رووناک عەزیز ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بە چالاکی و پێشانگەی هونەری لە سوید و ئەوروپا؛ کاتێک لە ساڵی 2011 هاتمە سوید، لێرە دەستم بە نیگارکێشان کردەوە. بێگومان گۆڕانکاریی شوێن و ژینگە و نامۆبوون کاریگەرییان لەسەرم بوو، بەڵام خۆم بەدەستەوە نەدا (چۆکم دانەدا). جگە لەوەی خەریکی فێربوونی زمانی سویدی بووم، لە سوید بەردەوام بووم لە ئەنجامدانی پێشانگە. بابەتەکە پەرەی سەند تا توانیم تابلۆکانم لە گەلەرییە هونەرییەکانی سوید و وڵاتانی دیکەی وەکو: ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیسپانیا، نەمسا و فەرەنسا نمایش بکەم و بووم بە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی شێوەکاری سویدی، هەروەها توانیم شێوازی هونەریی خۆم پەرە پێ بدەم.

هونەری هاوچەرخ لە کوردستان و ئەوروپا چۆن دەبینی؟
رووناک عەزیز  باسی لەوەکرد، هونەری بینراوی هاوچەرخ، فۆڕمێکی هونەریی مۆدێرنە کە بیرۆکە و پرسەکانی مرۆڤایەتیی هاوچەرخ بە شێوازی هەمەچەشن و داهێنەرانە دەردەبڕێت، ئەمەش بە بەکارهێنانی کەرەستە و تەکنیکە نوێیەکان کە شێوازە تەقلیدییەکان تێدەپەڕێنن. بەگشتی هونەری هاوچەرخی ئەورووپی هەوڵ دەدات ببێتە ئامرازێک بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆ، نەک تەنیا جوانیی بینراو. هونەری هاوچەرخ لە ئەوروپا ئەمڕۆ بەرەو ئەزموونکردن و هەمەچەشنی هەنگاو دەنێت و بە ڕوونی سەرنج دەخاتە سەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: ناسنامە، کۆچ، ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛ هەروەها یەکخستنی تەکنەلۆژیای وەک میدیای دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرد و هونەری کارلێککارانە، لەگەڵ شکاندنی سنوورە تەقلیدییەکانی نێوان نیگارکێشان، پەیکەرسازی، نمایش و ڤیدیۆ.

تا ئێستا چەند پێشانگەی تایبەت و هاوبەشت کردووەتەوە؟
رووناک عەزیز  گوتیشی، لە ماوەی 15 ساڵدا زياتر له 50 پێشانگەی شێوەکاریم کردووەتەوە. زۆربەی ئەو پێشانگایانە نمایشی تاکەکەسی بوون لە سوید، جگە لە پێشانگەی هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی سویدی. هەروەها پێشانگەکانم لە گەلەرییەکەوە بۆ گەلەرییەکی تر دەگواستەوە و مەبەستیش ناساندنی هونەرەکەم بوو؛ وەک هونەرمەندێکی کورد لە ڕێگەی تابلۆکانمەوە ویستم فەرهەنگ و كولتوورى کوردستان بە گشتی بگەیەنم. یەکێک لە خواستەکانم ئەوەیە بگەڕێمەوە کوردستان و پێشانگەیەک ساز بکەم، نازانم کەی، بەڵام هیوادارم زۆر زوو بێت.

سرووشت لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
دەڵێت، من سروشتم خۆشدەوێت، لێرەش بە قووڵی کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی دارستانەکان و دیمەنە سیحراوییەکان کە ئیلهامبەخش بوون بۆ هونەرەکەم. پەیوەندیی نێوان سرووشت و هونەر کۆنە و هەمیشە لە پەرەسەندندایە. سرووشت هەمیشە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئیلهام بووە بۆ هونەرمەندان. لە هونەری هاوچەرخیشدا، سرووشت تەنیا لەبەر جوانییەکەی وێنا ناکرێت، بەڵکو بووەتە بابەتی تێڕامان و ڕەخنە، کە ڕەنگدانەوەی پرسەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا، بەردەوامی (Sustainability) و پەیوەندیی نێوان مرۆڤایەتی و ژینگەیە.

تابلۆکانت لە چیدا ڕەنگ دەدەنەوە؟
رایگەیاند، من ئەو ژنانە دەکێشم کە لەپێناو ئازادیدا تێکۆشان دەکەن؛ ژنانی شەنگال و ئەو ژنانەی دژی توندوتيژى دەجەنگن، نەخشاندوومن. ژنان هەمیشە جێگەی سەرنجی کارەکانم بوون.

وەک هونەرمەندێکی شێوەکار، چۆن پشتگیریی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکەیت؟
رووناک عەزیز گوتی، منیش وەکو هونەرمەندێکی شێوەکار کەزیم هۆنییەوە، بەڵام کە ڤیدیۆکەم لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، سووکایەتیی زۆرم پێ کرا، چونکە ئەوان لە ژنی ئازاد دەترسن. ژنى كورد ئازادە و کەزییەکەی هێمای ئازادی و کەرامەتە. ژنی کورد بوێرە و پەپولەی ژیانە و هەمیشە دەڵێم: ژن، ژیان، ئازادی. هەروەها من لە ڕێگەی تابلۆکانمەوە پشتگیری لە کوردانی رۆژئاوا دەکەم و بە دڵ و بە گیان لەگەڵیانداین.

پڕۆژەی نوێت چییە؟
پڕۆژەی نوێم ئەوەیە کە وێنەی تاوانەکانی بەعس و جینۆسایدی دژی کوردم کێشاوە؛ وێنەی هەڵمەتی ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و ئەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە بە دیل گیرابوون، کێشاومن.