کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی گەورەترین خۆپیشاندانەکان لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا ڕێک دەخات
بە هەبوونی سەرۆک بارزانی هەست بە پشتێکی بەهێز دەکەین
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، زنجیرەیەک گردبوونەوەی جەماوەریی بەرفراوانی لە چەندین شار و وڵاتی ئەورووپا ڕێکخست، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و گوشارخستنە سەر ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و هەڵگرتنی گەمارۆکانی دیمەشق.
لە شاری لۆڤنی وڵاتی بەلجیکا، هەزاران کوردستانی لە هەر چوار پارچەی وڵات بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و چڕینەوەی دروشمی(یەکە یەکە یەکە، کوردستان یەکە، یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە)، شەقامەکانی ئەو شارەیان تەنی و دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی کوردیان گەیاندە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەدا، کوردستانیانی دیاسپۆرا جەختیان لەوە کردەوە کە کوردستان یەکە و هیچ هێزێک ناتوانێت گەلی کورد قڕ بکات یان ئاڵاکەی دابگرێت.
ئافرەتێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان کۆبوونەتەوە، ناوبراو دەستخۆشی لە بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند:بوونی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی، وای کردووە هەست بکەن پشتێکی زۆر بەهێزیان هەیە و ورەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان بەرز بێتەوە.
هاوکات لەگەڵ وڵاتی بەلجیکا، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، لە شارەکانی بەرلین و شتوتگارتی ئەڵمانیا و هەروەها لە وڵاتی نەرویج، ڕەوەندی کوردستانی گردبوونەوەی گەورەیان ڕێکخست.
لەو چالاکییانەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەورووپییە دۆستەکانی گەلی کوردیش بەشدارییان تێدا کرد، دروشمەکانی( یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە، یەکە یەکە یەکە، کوردستان یەکە)گوترانەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم جووڵە جەماوەرییە، دروستکردنی گوشاری سیاسییە لەسەر حکومەتەکان بۆ ئەوەی دەستبەجێ هێرش و گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان ڕابگرن.
جووڵەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووەتە لوتکە و وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو دۆخە مرۆییە سەختە دەبینرێت کە بەهۆی گەمارۆکانەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک چەترێکی کۆکەرەوە، هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو پرسی گەمارۆدانی شارە کوردنشینەکان وەک پرسێکی مرۆیی و سیاسیی بەپەلە لە پەرلەمان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەورووپا و جیهان بوروژێنێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی کە هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی تر نیشانی دەدەن.