کاروانێکی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە گوندەواری کۆبانێ
کاروانێکی گەورەی هاوکارییە مرۆییەکان کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، گەیشتە گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانێ.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاو کراوەنەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دوومی 2026، کاروانەکە لە 24 بارهەڵگر پێکهاتووە و گەیشتوونەتە نزیک گوندی "بەلەک" لە گوندەواری کۆبانێ.
هاوکات ئەم بارهەڵگرانە پێداویستی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت، بەشێکیان پێداویستییە سەرەکییەکان و خۆراک پێکهاتوون.
هەروەها هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شاری قامشلۆ، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی کار و چالاکییەکانیانیان لە رۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو.
ناوبراو ئاشکرای کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، پرۆسەی گەیاندنی کۆمەکەکان بەردەوامە و تا ئەمڕۆ 114 بارهەڵگر گەیشتوونەتە ناوچەکە؛ هەر بارهەڵگرێکیش 12 تۆن پێداویستیی تێدایە.
سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ شاری کۆبانێ، موسا ئەحمەد گوتی: "خۆشبەختانە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاوکارییەکانمان دەگاتە کۆبانێ، ئەمەش بەرهەمی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانییە لە ڕێگەی بارەگای بارزانی و پەیوەندییەکانەوە بۆ گەیاندنی دەستی یارمەتی بەو شارە."
لە لایەکەی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا)ی ڕاگەیاندووە، سوپای عەرەبی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو پارێزگای حەسەکە و حەلەب، لە ئامادەکاریدایە بۆ کردنەوەی دوو ڕێڕەوی مرۆیی نوێ دەکەن.