بانگەوازێکی بەپەلە بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکان ڕادەگەیەنرێت

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، لە بانگەوازێکی بەپەلە و مرۆییدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە  25ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند: دوای ڕادەستکردنی کەمپی هۆڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەواوی ئەو خوشک و برا ئێزدییانەی لەناو کەمپەکەدا دەستبەسەر بوون یان خۆیان شاردبووەوە، ئێستا ئازادن. نووسینگەکە داوا لە هەموو ئەو ڕفێندراوانە دەکات کە ئێستا لە دەرەوەی کەمپەکەن، بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەکانیانەوە بکەن بۆ ئەوەی تیمەکان بگەنە لایان و هاوکارییان بکەن بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەت.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی ڕزگاربووەکان نەماوە و دڵنیایان دەکەنەوە کە هیچ کەسێک ئازاریان نادات.

 نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان جەختی کردەوە، خێزان و کەسوکاریان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی باوەشی گەرمی ئەوانن و تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ ئەوەی بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە پێشوازییان لێ بکرێتەوە. 

بۆ ئەم مەبەستە، سێ ژمارەی پەیوەندیی تایبەت تەرخان کراون کە بریتین لە:

009647504676173
009647504458024
009647502212982کەمپی هۆڵ کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەمپەکانی جیهان دادەنرا، هەزاران کەس لە پاشماوە و خێزانەکانی داعشی تێدا نیشتەجێ بوو، لە ساڵی 2014ـەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرابوون و بەشێکیان بە ناسنامەی نادیار لەناو ئەو کەمپەدا مابوونەوە، ڕادەستکردنی کەمپەکە لەم قۆناغەدا، دەرفەتێکی مێژوویی و مرۆیی گەورەیە بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕفێندراوانەی کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر دەستی توندڕەوەکاندا وەک دیل مابوونەوە و ناسنامەیان لێ زەوت کرابوو، نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو هیچ ڕفێندراوێک لەم هەلە بێبەش نەبێت و هەمووان بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگەی خۆیان.