مەزڵووم عەبدی: سەرکردەکانی کورد پاڵپشتمانن
یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ڕایگەیاند، لەسەر داوای ئەمەریکا ئاگربەستەکەمان درێژ کردەوە، بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق بگوازرێنەوە.
گوتیشی: ئێمەش هەوڵدەدەین ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق هەیە، لە ماوەی ئەو 15 ڕۆژە بەشێوەیەکی کردەیی پرسی ڕێککەوتنەکەمان تاوتوێ بکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، هاوکات ئەو هێرشانە دەکرێنە سەر کۆبانێ دەبێت بووەستن.
باسی لەوەش کرد، بە ڕێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم پابەندین، بەڵام ئێستا پەیوەستە بەوەی کەی و چۆن جێبەجێ دەکەین، هاوکات کار لەسەر ئەوە دەکەین هەندێک ناوەڕۆک ڕێککەوتنەکە زیاتر ڕوون بکرێتەوە. گوتیشی: دەمانەوێت ناوچە کوردییەکان بپارێزین و دوور بێت لە شەڕ و لەژێر کەلتوور و سیاسەتی کوردیدا بێت.
مەزڵووم عەبدی باسی لەوەش کرد، یەکێک لە خاڵە مشتوومڕەکان دیکە، بەڕێوەبردنی پارێزگای حەسەکێیە، کە تاوەکوو ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوەدەبردرێت، بەڵام بەشێویەکی گشتی هەنگاوی باش نراوەن و ئێمە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئامادەین و ئامانجمانە ڕێککەوتنەکە سەرکەوتوو بێت.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت: بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ دیمەشق هەمانە، نابێت سوپای سووریا بێنە نێو ناوچە کوردییەکان، کە مەبەستمان کۆبانی، عەفرین و سەرێکانی و گرێسپیشە؛ باسی لەوەش کرد، دڵنیام کۆبانێ چۆن داعشی تێکشکاند، ئەواش لە بەرانبەر ئەو هێرشانە خۆ ڕاگر دەبێت.
ئامانجی هەموو ئەو کۆبوونەوانەی لە هەولێر کراون، تەنیا بۆ گەشیتنبوو بە ئاگربەست و کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکەین، ئەنجامەکەشی ئەوە ڕێککەوتنەی 18 ئەم مانگەبوو و کۆبوونەوەکانیش ئەرێنی بوون.
موڵووم عەبدی ئاشکراشی کرد، بە بەشداریی لایەنی نێودەوڵەتی ڕۆژانە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لەبارەی ڕێککەوتنی نێوانیان گفتوگۆ دەکەن، پەیوەندییان هەیە؛ دەشڵێت: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەشێوەیەکی جددی لەسەر هێلە.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەشی دا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە باشترین ئاست دایە و سەرکردەکانی کورد پاڵپشتمانن و هەموویان پاڵپشتی ڕۆژئاوا و مافی کورد دەکەن، ئەو ڕووحییەتەی ئێستا لە نێو کرد هەیە، هەمان ئەو ڕووحییەتەیە کە لە کۆبانێ بینیم.
گوتیشی: داواش لە گەلی کورد دەکەم، پاڵپشتییەکانیان و ئەو یەکگرتووە بەردەوام بێت و بە گەرموگوڕتر داوا مافەکانیان بکە، تاوەکوو دەگەینە دەستکەوتەکانمان و مافی کورد مسۆگەر بکرێت؛ هاوکات هەڵوێستەکانیان شایەنی ڕێز و سوپاسە.
ڕاشیگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کاری زۆر ناپێویست، شۆڤێنیزم، زمانی ڕەگەزپەرستی بەرانبەر کورد بەکارهات، کە هەموویان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە، کە ئەمە سەد ساڵ دوور لە ڕەوشتی کوردە، کە لە مێژوودا زوڵممان لە کەس نەکردووە.
مەڵووم عەبدی ئاماژەشی دا، کشانەوەمان لە ناوچەکانی، ڕەققە و تەبققە و دێرەزوو، هۆکارێکی تایبەتی خۆی هەبوو، نەمان دەوێت لەوێ بەردەوامی بە شەڕ بدەین، ویستمان بۆ ناوچە کوردییەکان پاشەکشە بکەین، بۆ ئەوەی پاڕێزگاری لە ناوچەکانمان بکەین، چونکە شوێنە کوردییەکان هێڵی سوورە، داواش دەکەین کەس هەرگیز بیر لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە نەکەنەوە؛ گوتیشی: کە کاتی خۆی لەسەر داوای دانیشتووانی ئەو ناوچانە چووینە ئەوێ، بۆ ئەوەی لە داعش پاکی بکەینەوە.