شڤان پەروەر: سەرۆک بارزانی سیمبولی ئاشتییە
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری کورد، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو گرووپە چەکدارانە گرت کە بەناوی ئاینەوە پەلاماری کورد دەدەن.
شڤان پەروەر، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بە کوردستان24 ڕایگەیاند: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێڕێزییەکی زۆر گەورە بەرانبەر کورد دەکرێت کە لە ئاستی مرۆڤایەتیدا نییە. لە ئایینی ئیسلامدا نەهاتووە خەڵک بکوژرێت و ماڵیان داگیر بکرێت، بەڵکوو ئەوانە ئیسلام وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن، چونکە ئایین بۆ ویژدان هاتووە نەک بۆ بێویژدانی.
سەبارەت بە پێگەی سەرۆک بارزانی لە تێکۆشان بۆ مافی کورددا، ئەو هونەرمەندە گوتی: سەرۆک بارزانی نزیکەی 70 ساڵە بەردەوام لەپێناو مافەکانی کورد تێدەکۆشێت و سیمبولی ڕێبەری ئاشتییە، ئەگەر گوێی بۆ ڕابگیرێت لە ناوچەکە شەڕ نامێنێت.
شڤان پەروەر سۆزی خۆی بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا دووپات کردەوە و گوتی: دڵ و ڕۆحم لەگەڵ ڕۆژئاوایە. ئاشکراشی کرد، لە داهاتوودا داستانێک لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و ئەو زوڵمەی لە کچانی کورد دەکرێت، لە بڕینی کەزییەکانیان و بێڕێزی پێکردنیان، بەرهەم دەهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و گوتی: فەڵەستینییەکان تەنیا سێ ملیۆن کەسن و هەموو جیهان باسیان دەکات چونکە عەرەبن، بەڵام کورد 60 ملیۆن کەسە و هەموویان لە ئاستیدا بێدەنگن.
لە کۆتاییدا شڤان پەروەر جەختی لەوە کردەوە، کورد شەڕی بۆ پارە نەکردووە، بەڵکوو بۆ ئازادی و پاراستنی جیهان بووە، گوتیشی: دەبێت دوژمنان بزانن کورد هەرگیز لەناو ناچێت، ئەگەر 10 ملیۆنمان بکوژن، 50 ملیۆن هەر سەردەکەوێت، تاکە ڕێگەش بۆ سەرکەوتن یەکگرتوویی و یەکدەنگیی کورد خۆیەتی.