هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کرد و منداڵێک شەهید بووە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکی نوێدا ئاماری پێشێلکارییەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سەرەڕای چوونەبواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شەوی ڕابردووەوە، بەڵام ئەو گروپانە بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەکان لە هەرێمی جەزیرە و کۆبانێ، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و سەقامگیری ناوچەکە وەسف کراوە.

بەپێی بەیاننامەکە، زنجیرەی پێشێلکارییەکان لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە بە هێرشێکی زرێپۆش بۆ سەر بەرەی شارۆچکەی جەلەبییە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ دەستی پێکردووە کە لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکشکێنراوە. هەروەها لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆوە تا ساتی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە، هێرشی گروپەکانی دیمەشق بۆ سەر بەرەی گوندەواری ڕۆژئاوای کۆبانێ و بەتایبەت گوندەکانی زرک و قاسمەی بەردەوام بووە،مەترسیدارترین پێشێلکاری لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە ڕوویداوە، کاتێک تۆپخانەکانی ئەو گروپانە گوندی قاسمەییان تۆپباران کردووە و بەهۆیەوە منداڵێک شەهید بووە و سێ ئەندامی تری هەمان خێزان بریندار بوون.

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان تەنیا سنووری کۆبانێیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە کاتژمێر 7 و نیوی ئێوارەدا بە سێ فڕۆکەی خۆکوژ هێرش کراوەتە سەر گوندی قری لە سنووری شاری گڕکێ لەگێ، هەروەها لە کاتژمێر 10ـی شەودا گوندی سەفایان لە گوندەواری چڵ ئاغا کردووەتە ئامانج، کە لە هەردوو هێرشەکەدا زیانی مادیی زۆر کەوتووەتەوە. 

کۆی گشتی زیانە گیانییەکان بریتییە لە شەهیدبوونی منداڵێک و برینداربوونی سێ هاووڵاتی مەدەنی لەگەڵ برینداربوونی چوار شەڕڤانی هەسەدە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە لایەنە نێوەندگیرەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست کرد کە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆیان هەڵبگرن و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن، جەختیشیان کردەوە لەوەی، پێویستە گروپەکانی سەر بە دیمەشق ناچار بکرێن بە پابەندبوون بە بنەماکانی ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەی بێ دواکەوتن گیانی مەدەنییەکان بپارێزرێت و دۆخەکە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر نەچێت.
ئەم پەرەسەندنە مەیدانییە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی ئاگربەست دێت کە بڕیار بوو کەشێکی ئارام بۆ گفتوگۆ سیاسییەکان بڕەخسێنێت، بەکارهێنانی زرێپۆش و فڕۆکەی خۆکوژ لەلایەن گروپەکانی سەر بە دیمەشقەوە، نیشانەی توندبوونی ململانێکانە و دەریدەخات کە ڕێککەوتنەکە زۆر لەرزۆکە، ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ کە ئێستا ئامانجی ئەم هێرشانەن، پێشتر وەک ناوچەی ئارام دەبینران، بەڵام ئەم پێشێلکارییە نوێیانە پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری سووریا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جدی کردووەتەوە.