ئەمڕۆ یادی رزگارکردنی کۆبانێیە

11 ساڵ بەسەر رزگارکردنی کردنی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت، کە لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، پێشمەرگەی کوردستان رۆلێکی گەورەی بینی لە تێکشکاندنی چەکدارانی داعش لە کۆبانێ و پاککردنەوەی بەشێکی گرنگی خاکی کوردستان لە تیرۆریستان، بەڵام دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە کۆبانێ گەمارۆ دراوەتەوە.

دوای ئەوەی له‌ ئه‌یلوولى 2014 ـدا، چه‌كدارانى داعش هێرشێكى فراوانیان كرده‌ سه‌ر كۆبانێ و لە 80%ـی شارەکەیان كۆنتڕۆڵكرد، له‌ تشرینى یه‌كه‌مى هەمان ساڵدا، له‌سه‌ر فەرمانی سەرۆک مه‌سعود بارزانى کە ئەوکات سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بوو، په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارى ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى بۆ رۆژئاوای کوردستان و رزگارکردنی كۆبانێ په‌سه‌ندكرد.

ساتی تێپەڕبوونی کاروانی پێشمەرگەی کوردستان بە خاکی باکووری کوردستان بۆ کۆبانێ

150  پێشمەرگە وەک یەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2014ـدا بەنێو خاکی تورکیادا تێپەڕین و گەیشتنە کۆبانێ، دواتر سێ کاروانی دیکە لە كاتی جیاجیادا رەوانەکران. بەهاناوەچوونی کۆبانێ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بێ قوربانی نەبوو. یەکەم شەهیدی پێشمەرگەی کوردستان لە کۆبانێ، شەهید زێرەڤان مزووری بوو.

شه‌هید زێره‌ڤان له ‌دایكبووی ساڵی 1991، قوتابی قۆناغی دووه‌می به‌شی زمانی كوردی بوو له‌ زانكۆی سۆران، له‌پێناو به‌رگری له‌ خاک و نیشتمان مۆڵه‌تی خوێندنی وه‌رگرتبوو به‌ ئاواتی ئه‌وه‌ی دوای نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی داعش، خوێندنی زانكۆ ته‌واو بكات، به‌ڵام له‌ 20ی کانوون دووەمی 2015 له‌ كۆبانێ شه‌هیدبوو.

به‌ پشتیوانى هێزى پێشمه‌رگەی کوردستان‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانان، له 26ـی كانوونی دووەمی 2015ـدا شه‌ڕڤانان له‌ رۆژئاواى كوردستان ته‌واوى كۆبانێیان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌ و دوای تۆمارکردنی ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، لە 22ـی نیسانی 2015ـدا هێزی پێشمەرگە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەبارەی ناردنی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان گوتی: بڕیارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی، نیشتمانی و مرۆڤانە بوو، بڕیارەکە پشتیوانی کوردستانی و نێودەوڵەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیارێکی دروست و بەرهەمداربوو.

دوای 11 ساڵ، جارێکی دیکە شاری کۆبانێ لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکوومەتی دیمەشق هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و کۆبانێ گەمارۆدراوە.

سەرۆک بارزانی لە میانەی سەردانەکەی بۆ ڤاتیکان و بەسەرکردنی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، جەختی لە پێگەی ستراتیژی و نەتەوەیی کۆبانێ کردەوە و گوتی: ئەگەر هاوشێوەی ساڵی 2014 دەرفەت هەبووایە، دووبارە هێزی پێشمەرگەم بۆ کۆبانێ دەناردەوە.

گوتیشی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپاردووە کە بە هەموو توانایەکەوە هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە خوشک و براکانیان لە رۆژئاوای کوردستان.

دوای ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوێنێ یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە خۆراک و سووتەمەنی و پێدوایستییەکانی دیکەی رۆژانەی هاووڵاتیان، گەمارۆی سەر کۆبانێی شکاند.