بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا؛ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 5000 دۆلاری تێپەڕاند
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی و بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا، یەک ئۆنسەی زێڕ بگاتە سەرووی پێنج هەزار و 100 دۆلار.
بەرزبوونەوەیەکی خێرا لە بۆرسە جیهانییەکان
لە دەسپێکی مامەڵەکانی بۆرسەی لەندەن لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026، نرخی زێڕ بۆ یەکەمجار بەربەستی پێنج هەزار دۆلاری تێپەڕاند. دواتر نرخەکە بە رێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە پێنج هەزار و 93 دۆلار، پاشان تا ئاستی پێنج هەزار و 100 دۆلاری لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کانوونی دووەمی ساڵی 2024دا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ یەکەمجار بەربەستی دوو هەزار دۆلاری بڕی، لەو کاتەوە نرخەکەی بە خێرایی رووی لە هەڵکشان کردووە تا گەیشتە ئەم ئاستە مێژووییەی ئێستا.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەکەن بۆ ئەم ریکۆردە نوێیەی زێڕ، لەوانە:
1-زیادبوونی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان.
2-بەردەوامی کڕینی بڕێکی زۆری زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە.
3-پێشبینییەکان بۆ بەردەوامی دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.