ئیسرائیل هۆشداری دەداتە کۆمپانیا بیانییەکانی فڕۆکەوانی

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیسرائیلی راگەیەندراوێکی بڵاویکردووەتەوە و تیایدا هۆشداریی بە کۆمپانیا بیانییەکانی فڕۆکەوانی دەدات لەوەی، ئاسمانی وڵاتەکەی بە دۆخێکی هەستیاریی ئەمنی دا تێدەپەڕێت و  کۆمپانیاکان ئاگادار دەکاتەوە کە رێکار و سیستەمەکانی خۆپارێزی بەهێز بکەن.

دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیسرائیل رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە قۆناغی هەستیاریی ئەمنی لە ئاسمانی ئیسرائیل دەستپێدەکات و دیار نییە تا کەی درێژە دەکێشێت، بۆیە پێویستە کۆمپانیاکان هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر.

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، شموێل زەکای، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئیسرائیل، هۆشداری داوەتە هێڵە بیانییەکانی فڕۆکەوانی کە کۆتایی هەفتەی داهاتوو قۆناغێکی هەستیار دەبێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە.

هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، کەناڵ 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی "کەی ئێڵ ئێم"ـی هۆڵەندی بۆ هەریەکە لە ئیسرائیل، سعوودیە و ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتە ئاسمانییەکانی فەرەنسا بۆ تەلئەڤیڤ و ناوچەکە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی جوڵاندنی هێزی زیاتری سەربازی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەبارەی رەوشی ئاسمانی ئیسرائیل، میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە، وەکو رێکارێکی خۆپارێزی ئیسرائیل هیچ فڕۆکەیەک لە ئاسمانی وڵاتەکەی نەهێشتووەتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ ووردەکارییەکی دیکە لەمبارەیەوە بخەنە ڕوو.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هێزێکی گەورەی سەربازی وڵاتەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵاندووە.