گوتەبێژی ئەنەکەسە: دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی ئارامیی بۆ رۆژئاوا گەڕاندووەتەوە
ئەنەکەسە جەخت لە چارەسەری ئاشتییانە لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت "دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی ئارامیی بۆ رۆژئاوا گەڕاندووەتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە کاتی بەشداری لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی کوردستان24 کە لە لایەن هەکار نهێلییەوە پێشکەش کرا؛ باسی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی ئەم مانگەی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکوومەتی سووریا و دۆخی رۆژئاوای کوردستان کرد.
گوتەبێژی ئەنەکەسە رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی و هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی، دۆخێکی ئارامیان لە رۆژئاوای کوردستان هێناوەتە ئاراوە. ئەو، جەختی لە کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە شەڕ و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکان و رێگەگرتن لە ئاوارەبوون کردەوە.
بەرپرسەکەی ئەنەکەسە رۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکخستنەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بەرز نرخاند و گوتی، رۆڵێکی "زۆر گرنگ و کاریگەر بووە لە سەرەتای رووخانی رژێمی پێشووەوە تا ئێستا."
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بە قوربانییەکانی گەلی کورد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا کرد و گوتی پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە دەستکەوتەکان بکرێت. هەروەها گوتیشی: "دەمانەوێت هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ و بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتی سووریا چارەسەر بکەین و مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری هەمیشەییدا بچەسپێنرێن."
سەبارەت بە ئامادەیی بۆ گفتوگۆ، فەیسەڵ یوسف دووپاتی کردەوە، هەر کاتێک حکوومەتی سووریا ئامادە بێت، ئەوان وەک لایەنە سیاسییە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئامادەن بە شاندێکی هاوبەش بچنە دیمەشق؛ ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکانە لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان، راگرتنی شەڕە."
لێدوانەکانی گوتەبێژی ئەنەکەسە لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. دوای گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم دواییە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا چڕتر بوونەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، چەندین هەنگاوی گرنگ نراون:
- رێککەوتنی ئاگربەست: لەم دواییانەدا، بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتی، ئاگربەستێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا راگەیەندرا و بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژکرایەوە. ئەم ئاگربەستە بە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل دادەنرێت.
- رۆڵی سەرۆک بارزانی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی: سەرۆک بارزانی لە رێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، جەختی لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری نوێی سووریادا کردووەتەوە.
- گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق: لایەنە کوردییەکان، لە نێویاندا مەسەدە و ئەنەکەسە، ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق نیشان داوە، بە مەرجی راگرتنی تەواوەتیی شەڕ. ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی سووریاش ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان راگەیاندووە.
- دۆخی مرۆیی: بەهۆی پێکدادانەکانەوە، دۆخێکی سەختی مرۆیی لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان ئاوارە بوون بە تایبەت لە کۆبانێ. لەو چوارچێوەیەدا، بە راسپاردەی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکاریی مرۆیی بەرفراوانی گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان.