سەرۆکی کوبا: هێرشی ئەمریکا لێکەوتەی خراپی دەبێت

سەرۆکی کوبا رایگەیاند، هەر دەسترێژییەکی ئەمریکا بۆ سەر کوبا لێکەوتەی خراپی بۆ واشنتن دەبێت. 

دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا دەڵێت؛ باشترین رێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕانگێزی ئەوەیە ئیمپریالیزم ناچار بکرێت ئەو بەهایە لەبەرچاو بگرێت کە دەیدات بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان، ئەمەش پەیوەندی راستەوخۆی بە ئاستی ئامادەکارییمانەوە هەیە بۆ هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازی دژی کوبا. 

قسەکانی سەرۆکی کوبا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی بوو لە چالاکییەکانی یادکردنەوەی ڕۆژی بەرگریی نیشتمانی کوبا کە سەردانی یەکەیەکی تانکی کرد، هاوکات چاودێری مەشقە تاکتیکییەکانی کردووە کە بریتیبوون لە بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆر و هەماهەنگی نێوان یەکەکان لە شەڕێکی گریمانەیی دژی دوژمنانی وڵاتەکەی.

لێدوانی میگێل دیاز کانێل دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە پێشتر رایگەیاندبوو، کوبا ساڵانێکە نەوتی ڤەنزوێلا دەبات لە بەرانبەر پاراستنی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە. 

یەکشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی سۆشیەل تروس نووسیویەتی: نابێت هیچ نەوتێک و پارەیەک بچێتە کوبا، هاوکات بە توندی هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتە بە زووترین کات رێککەوتن بکەن، بەر لەوەی درەنگ بکەوێت و ئەنجامێکی خراپی لێبکەوێتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکی دیکەیدا گوتی: کوبا بۆ چەندین ساڵ لەسەر بڕێکی زۆر لە نەوت و پارەی ڤەنزوێلا دەژیا. لە بەرانبەردا، کوبا خزمەتگوزاریی ئەمنی بۆ دوو دیکتاتۆرەکەی کۆتایی ڤەنزوێلا دابین دەکرد، بەڵام چیتر ئەوە روونادات.

ترەمپ باسی لەوەش کرد، زۆربەی خزمەتگوزارەکان بەهۆی هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەمەریکاوە کوژراون و ڤەنزوێلا چیتر پێویستی بە پاراستن نییە.