سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ژمارە (1)ی بڵاو کردەوە و بەپێی کارنامەکە، بڕیارە سبەی سێشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق کۆببێتەوە.
جیاواز لە خولەکانی ڕابردوو، ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر کاندید کە پێکهاتوون لە 18 کەس، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسیی کۆشکی سەلام دەکەن. دیارترین کاندیدە کوردەکان بۆ ئەو پۆستە بریتین لە، فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری ئێستا و موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
بۆ ئەوەی دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردنەکە یاسایی بێت، پێویستە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، لانی کەم 220 پەرلەمانتار دوو لەسەر سێی ئەندامان لە هۆڵەکەدا ئامادە بن و ڕێژەی یاسایی تەواو بکەن.
بەپێی ئەزموونی خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا هیچ کاندیدێک نەیتوانیوە دەنگی پێویست دوو لەسەر سێ بەدەست بهێنێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت پرۆسەکە بچێتە گەڕی دووەم و لەوێدا کێبڕکێکە یەکلا بکرێتەوە، کە تێیدا هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگ بهێنێت دەبێتە سەرۆککۆمار.