پێنج ڕێکخراوی مافی مرۆڤ: لە کاتی ئاگربەستدا لە گوندەکانی کۆبانێ کۆمەڵکوژی کراوە

تۆڕی کوردی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا بە هاوبەشی لەگەڵ چوار ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا ئاشکرایان کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا و لە کاتی ئاگربەستدا، کۆمەڵکوژی لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەم کە ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، گرووپە سوپای عەربیی سووریا، هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی خەراب عەشک، شەهربانییە و قاسمییە. لە هێرشەکاندا چەکی قورس و مامناوەند بەکارهاتووە و تەقەی هەڕەمەکی کراوە، هەروەها هەڵکوتانە سەر ماڵان ئەنجام دراوە.

ڕێکخراوەکان ناسنامەی بەشێک لە قوربانییەکانیان ئاشکرا کردووە کە ژن و منداڵیان تێدایە و سەرجەمیان مەدەنین، ئەوانیش بریتین لە فاتمە عوسمان، جەمیلە ئەحمەد ئۆسمان، سۆلاف ڕەشۆ بۆزان، جەعفەر محەممەد شێخ بۆزان (منداڵ)، سەلوە مەحموود، سابرین ئەحمەد عەلاوی تەمەن 8 ساڵ، جودی ئەحمەد عەلاوی تەمەن 14 ساڵ، محەممەد ئەحمەد عەلاوی تەمەن 10 ساڵ، ئیبراهیم ئەحمەد عەلاوی تەمەن 5 ساڵ و منداڵێکی کچ (کچی محەممەد شێخ بۆزان).

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کۆمەڵکوژییە لە کاتێکدایە کە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، ئەمەش سووکایەتییەکی مەترسیدارە بە پابەندبوونە ئەخلاقی و یاساییەکان. ڕێکخراوەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم کردەوانە تاوانی جەنگن و بە بەرنامە ئەنجام دەدرێن.

تۆڕی کوردی و ڕێکخراوەکانی دیکە (ڕێکخراوی ماف، لیژنەی کوردی "ڕاسید"، ڕێکخراوی ڕوانگە و ڕێکخراوی DAD) داوا دەکەن، دەستبەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و سەربەخۆ پێکبهێندرێت، هێرشەکان بۆ سەر کۆبانێ و گوندەکانی ڕابگیرێن، ڕێگە بە تیمە فریاگوزاری و پزیشکییەکان بدرێت بچنە ناوچەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژییە بکرێت.