توێژینەوەیەکی نوێ: خەوی نیوەڕۆیان توانای مێشک بۆ فێربوون زیاد دەکات
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لەسەر 20 گەنجی تەندروست ئەنجامدراوە، دەریخستووە، خەوێکی کورت لە کاتی نیوەڕۆیاندا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چالاککردنەوەی مێشک و بەرزکردنەوەی توانای فێربوون هەیە.
زاناکان لەم توێژینەوەیەدا سوودیان لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک (EEG) و هاندانی موگناتیسی وەرگرتووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیی مێشک بۆ وەرگرتنی زانیاریی نوێ.
ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن، دوای خەوێکی کورتی نیوەڕۆیان، مێشک لە ماندوێتی و دەمارگیری رزگاری دەبێت، کە بەهۆی کار و چالاکییەکانی رۆژەوە کەڵەکە دەبن.
توێژینەوەکە دەریخستووە "خەوتن بۆ ماوەی 40 یان 50 خولەک لە کاتی رۆژدا، هانی مێشک دەدات بۆ ئەوەی هاوسەنگیی پەیوەندییە دەمارییەکانی خۆی رێکبخاتەوە."
بە گوتەی توێژەران، لە کاتی خەوتندا پرۆسەیەک روودەدات کە بە "پاککردنەوەی دەمارەکان" ناودەبرێت؛ تێیدا مێشک جارێکی دیکە خۆی رێکدەخاتەوە و کارایی وەرگرتنی زانیاریی نوێ بەدەست دەهێنێتەوە.
زاناکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم جۆرە خەوە بۆ قوتابیان، وەرزشوانان و ئەو فەرمانبەرانەی کارەکانیان پێویستی بە وردبینی زۆر هەیە، یەکجار بەسوودە.