تورکیا قەدەغەی گردبوونەوە و چالاکیی لە مێردین راگەیاند

کاربەدەستانی تورکیا لە پارێزگای مێردینی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، کە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بڕیاری قەدەغەکردنی هەموو جۆرە کۆبوونەوە و چالاکییەکی جەماوەرییان بۆ ماوەی شەش رۆژ راگەیاند.

ئاژانسی ئەی ئێف پی بڵاوی کردووەتەوە کە پارێزگاری مێردین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە؛ قەدەغەکردنەکە تا ئێوارەی رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی بڕیارەکە، جگە لە بۆنە فەرمیانەی حکوومەت رەزامەندییان لەسەر دەدات، ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەک لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەیە، لەوانە: (کۆبوونەوە، رێپێوان، کۆنگرەی رۆژنامەوانی، مانگرتن لە خواردن، دانیشتنی ناڕەزایەتی، دانانی ستاند و چادر، دابەشکردنی تراکت و هەڵواسینی پۆستەر و لافیتە).

پێشتر و لە نێوان رۆژانی هەینی تا دووشەممەی رابردوو، هاوشێوەی ئەم بڕیارە لە پارێزگای دیاربەکریش جێبەجێ کرا، کە بە ناوەندیی سەرەکیی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا دادەنرێت.

ئەم رێکارە توندانەی تورکیا دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو لە شارۆچکەی "نوسەیبین"، زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر هەوڵیاندا دەروازەی سنووریی نێوان تورکیا و سووریا ببەزێنن، وەک دەربڕینی توڕەیی بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچە کوردییەکانی سووریا.