حووسییەکان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەنەوە
حووسییەکانی یەمەن جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور دەکەن.
حووسییەکان کورتە گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردووەتەوە تێیدا دیمەنی کەشتییەکی سووتاو نیشان دەدات و لەگەڵیدا نووسراوە "بەم زووانە". هەرچەندە لە ڤیدیۆکەدا وردەکاری زیاتر دەربارەی کات و جۆری هێرشەکان نەخراوەتە ڕوو، بەڵام ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییە ئەگەرییەکانیان لێکدەدرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشتر ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی کردەی سەربازی لە ناوچەکەدا کردووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، حووسییەکان زیاتر لە 100 کەشتییان لە دەریای سووردا کردووەتە ئامانج، بە وتەی خۆیان ئەم هەنگاوە بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بووە تا کۆتایی بە شەڕی کەرتی غەززە بهێنێت. دوای ماوەیەک لە وەستانی هێرشەکان کە هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی ئاگربەست، جارێکی دیکە مەترسیی تێکچوونی ڕێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتی سەریهەڵداوەتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، ئەمریکا کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و چەندین کەشتی تێکدەر و سیستەمی مووشەکی ڕێنمایی کراوەی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ نیگەرانییەکان لەبارەی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
قريبًا.. pic.twitter.com/bSitraiIEG
— الإعلام الحربي اليمني (@MMY1444) January 25, 2026