وەزارەتی دارایی فیدراڵ خەرجییەکان کەم دەکاتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری نهێنی و بەپەلەی دەرکرد کە خەرجی ئیفاد لە %90 کەمکرایەوە و مۆڵەتی خوێندنیش بۆ فەرمانبەران ڕاگیرا.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی "دەستەی ڕا" لە وەزارەتی دارایی عێراق، کە ئاڕاستەی گشت بانک و فەرمانگە و کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتەکە کراوە، زنجیرەیەک بڕیاری توند بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی کارگێڕی بۆ ساڵی 2026 دەرچووە.

نووسراوەکە کە مۆری "نهێنی و بەپەلە و دەستبەجێ"ی لەسەرە و لە (25-1-2026) دەرچووە، ئەم بڕیارانەی تێدایە:

1-کەمکردنەوەی خەرجییەکان:
وەزارەتەکە بڕیاریداوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو خەرجییەکان کەم بکاتەوە، بەم شێوەیە:

-کەمکردنەوەی خەرجی ئیفاد (ناردنە دەرەوە) بە ڕێژەی 90% لە خەرجیی فیعلی.

-کەمکردنەوەی خەرجی چاککردنەوە بە ڕێژەی 50%

-کەمکردنەوەی خەرجی سووتەمەنی (بەنزین و گاز) بە ڕێژەی 50%.

2-فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان:
دەستەی ڕا لە وەزارەتی دارایی فیداڵ رایگەیاند، لیژنەی تایبەت پێکدەهێنرێت بۆ سەرژمێریی هەموو ئەو ئۆتۆمبێل و ئامێرانەی کە ماوەی دروستکردنیان 15 ساڵ یان زیاتری بەسەردا تێپەڕیوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە چاککردنەوەیان بێسوودە و تێچووی زۆرە، بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت دەفرۆشرێن و پارەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

3-ڕاگرتنی مۆڵەتی خوێندن:
لە بڕگەیەکی گرنگی بڕیارەکاندا هاتووە کە نابێت نووسراوی "لاری نەبوون" بدرێت بە فەرمانبەران بۆ خوێندن لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، هەروەها دەرماڵەی بڕوانامە بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج ناکرێت کە دوای (2-1-2026) بڕوانامە بەدەستدەهێنن، مەگەر ئەوانەی کە پێشتر رەزامەندییان وەرگرتووە.

4-مووچە و بودجە:
لیستی مووچەی مانگی یەکی 2026 بە شێوەی (CD) ئامادە دەکرێت و دەبێت بڕی باج و بەشداری خانەنشینی تێدا دیاری بکرێت، ئەمەش دەکرێتە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی بودجەی ساڵی 2026 (لێکدانی مووچەکە لە 12 مانگدا).

وەزارەتی دارایی داوای کردووە کە دەستبەجێ کار بەم بڕیارانە بکرێت و لە ماوەی 24 کاتژمێردا وەڵامیان بدرێتەوە.

دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی