دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغێکی نوێی هاوکارییەکانی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ راگەیاند، کە تێیدا زیاتر لە 1200 قوتابی سوودمەند دەبن و هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شارەکە و هاوکاریی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامن.
رێبوار محیەددین، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ی گوت: دەستیان بە هەڵمەتێکی دیکەی یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کردووە، لەم چوارچێوەیەدا 1000 کتێبیان بۆ کتێبخانەی گشتیی شارەکە دابین کردووە، کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی: "ئێستا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، پاکێجی پێداویستی و جلی زستانەمان بۆ منداڵانی چەمچەماڵ دابین کردووە؛ ئەمە جاری دووەمە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەچێت و 1200 قوتابی لە دوو قوتابخانەی جیاواز، لەم پاکێجانە سوودمەند دەبن."
رێبوار محیەددین جەختی لەوەش کردەوە، کە دۆخی چەمچەماڵ هێشتا وەک پێویست نییە، بەڵام بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان هەوڵدراوە دۆخەکە بەرەو باشتر ببرێت. راشیگەیاند، وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی پابەندن بەوەی لە چەمچەماڵ دانەبڕێن تا ئەو کاتەی ژیان لەو شارەدا دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.
سەبارەت بە ئامانجی ئەم یارمەتیانە، روونیکردەوە کە دەیانەوێت هانی قوتابیان بدەن بۆ ئەوەی بە دڵێکی خۆشەوە بەردەوام بن لە خوێندن و روو لە قوتابخانەکان بکەن، سەرەڕای بارودۆخی سەختی شارەکە و ساردیی کەشوهەوا.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای کرد، کە قۆناغی داهاتووی هاوکارییەکانیان بریتی دەبێت لە هاوکاریی دارایی بۆ منداڵانی بێباوک، کە بە گوێرەی پێوەرێکی دیاریکراو و بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دابەش دەکرێت. دووپاتیشی کردەوە کە هەموو داتاکانیان ئامادەیە و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی ئەو هاوکارییە داراییانە دەکەن.