لە قامشلۆ منداڵێک شەهید بوو و کۆبانێش لەژێر گەمارۆیەکی توند دایە

لەگەڵ تێپەڕبوونی هەشت رۆژ بەسەر گەمارۆدانی توندی شاری کۆبانێ و دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی مەترسیدار، لە گوندەواری قامشلۆ پێشێلکارییەکانی ئاگربەست بەردەوامە و بەهۆی بۆردومانەوە منداڵێک شەهید بوو.

قەیرانی مرۆیی لە کۆبانێ
سەرچاوە خۆجێییەکان بە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیان راگەیاندووە، ماڵەکانی شاری کۆبانێ بوونەتە پەناگەی ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانانەی لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەرەوە ئاوارە بوون، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانی دڕندانەی هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکانیان ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کران.

لەو بارەیەوە دانیشتوویەکی شارەکە بە روانگەی ڕاگەیاندووە: "ماوەی 10 رۆژە کارەبای شارەکە بڕاوە، هۆکارەکەشی بۆ کرانە ئامانجی بەنداوی تیشرین دەگەڕێتەوە کە تاکە سەرچاوەی وزەیە، لەم زستانە سەختەدا هەندێک خێزان پشت بە وزەی خۆر دەبەستن، بەڵام کێشەکە قووڵتر بووەتەوە بەوەی ئاویش بڕاوە."

دۆخی تەندروستی و خۆراکیش لە لێواری کارەساتدایە؛ دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک (شەکرە، پەستانی خوێن و دڵ) لە دەرمانخانە و بنکە تەندروستییەکاندا نەماوە. بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە، نەخۆشییەکانی سنگ و کۆئەندامی هەناسە لەنێو منداڵاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە.
سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆربەی خێزانەکان هیچ خۆراکێکیان لە ماڵەکاندا نەماوە و تەنیا پشت بەو بڕە کەمە دەبەستن کە لە بازاڕدا دەست دەکەوێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە چەکدارانی سوپای سووریا ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی بارھەڵگرەکانی خۆراک و دەرمان بۆ ناو شارەکە دەکەن.

پێشێلکردنی ئاگربەست لە قامشلۆ
لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو ئاگربەستەی کە بڕیاربوو 15 رۆژ بەردەوام بێت، شەوی رابردوو گوندی "سەفا"ی سەر بە ناحیەی چل ئاغا لە رۆژهەڵاتی قامشلۆ بۆردومان کرا و بەهۆیەوە منداڵێک شەهید بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری، بۆردومانە چڕەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی و بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئەنجامدراوە و شارۆچکەی "حەمرات"یشی گرتووەتەوە. هێزەکان بە چەکی قورس و تۆپخانە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

وەڵامی هەسەدە و وردەکاریی مەیدانی
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات وەڵامی سەرچاوەکانی تەقەکەیان داوەتەوە و توانیویانە زیاتر لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بخەنە خوارەوە.
ئەم پێکدادانانە کە لە دوای نیوەڕۆی دوێنێوە تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بوو، بووە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی گوندی سەفا. هاوکات بەشێک لە چەکدارانی عەشایەری عەرەبی پەیوەندییان بە هێزەکانی حکوومەتی سووریا کردووە بۆ هێرشکردنە سەر هەسەدە، ئەوەش وایکردووە هەسەدە چەکی قورس بۆ بەرپەرچدانەوەیان بەکاربهێنێت.

ماوەی سێ رۆژە ئەم هێرشە پچڕپچڕانە لە پشت رێگای نێودەوڵەتی (M4)ـەوە بۆ سەر گوندی سەفا دەستیپێکردووە، کە خاڵی تەماسە و دەکەوێتە سەر میحوەری ستراتیژیی چل ئاغا.