پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا: سوپا و حکوومەتی سووریا بەرپرسیاری کۆمەڵکوژیی 10 هاووڵاتیی کوردن
پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا سوپا و حکوومەتی سووریا بە بەرپرسیاری تەواو و ڕاستەوخۆ دەزانێت بەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییە خوێناوییەی دژی هەردوو بنەماڵەی 'ڕەشۆ بۆزان گەدرۆ' و 'مستەفا عوسمان کچۆ' کران.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەم تاوانە، کە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕووی دا، ناکرێت وەک ڕووداوێکی تێپەڕ یان هەڵەیەکی تاکەکەسی وەسف بکرێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەرنامەیەکی سیستماتیکە بۆ پەلاماردانی مەدەنییەکان، هەروەها ئاشکراکردنی بێباکییەکی بە ئەنقەستە بەرامبەر ژیانی بێتاوانان و پێشێلکارییەکی زەقە بۆ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەتایبەتی ئەو یاسا نەگۆڕانەی کە بەئامانجگرتنی دانیشتووانی سڤیل قەدەغە دەکات."
پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا، جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەردەوامیی ئەم پێشێلکارییە مەترسیدارانە، لە سایەی بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیی جێی نیگەرانیدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقی و سیاسیی، بەتایبەتی وڵاتە کاریگەرەکان و لایەنە زامنکەر یان سەرپەرشتیارەکانی ئاگربەست."
دوێنێ دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026 ، چەکدارانی سووریا، هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی خەراب عەشک، شەهربانییە و قاسمییە؛ لە هێرشەکاندا چەکی قورس و مامناوەند بەکارهاتووە و تەقەی هەڕەمەکی لە خەڵکی سڤیل کراوە.
لە ئەنجامی ئەو هێڕش و پەلامارە دڕندانەدا، 10 ئەندامی دوو ماڵباتی کورد کۆمەڵکوژ کران، کە ناوەکانیان ئەمانەن: فاتمە عوسمان، جەمیلە ئەحمەد عوسمان، سۆلاف ڕەشۆ بۆزان، جەعفەر محەممەد شێخ بۆزان (منداڵ)، سەلوە مەحموود، سابرین ئەحمەد عەلاوی تەمەن هەشت ساڵ، جوودی ئەحمەد عەلاوی تەمەن 14 ساڵ، محەممەد ئەحمەد عەلاوی تەمەن 10 ساڵ، ئیبراهیم ئەحمەد عەلاوی تەمەن پێنج ساڵ و کچێکی منداڵی محەممەد شێخ بۆزان.