ئاسایشی دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی سێ هاوڵاتییەکەی هەولێر راگەیاند
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانییان ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە دوێنێ تاوانی کوشتنی سێ هاوڵاتی (ئەندامانی یەک خێزان)ی لە شاری هەولێر ئەنجامدابوو.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "دوای بەدواداچوونی ورد و چڕی هێزەکانمان، بکەری تاوانە دڵتەزێنەکەی دوێنێی شاری هەولێر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس، دەستگیرکرا و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە لە کاتێکی نزیکدا زانیاری زیاتر و وردەکاری چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە و ناسنامەی تۆمەتبارەکە بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
هەر لەمبارەوە گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، موقەدەم کیفاح تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانیان هاوبەشی لەگەڵ تیمەکانی ئاسایش بەدواداچوونی وردیان لە دۆسیەی سێ هاووڵاتییە کوژرەکەی گەرەکی شۆڕش کردووە و ئەمڕۆ بە هەماهەنگی نێوان ئاسایش و پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە.
هەروەها ئاماژەیدا، تۆمەتبارەکە نەخۆشی دەروونی لە جۆری شیزۆفینیای هەیە و لە رۆژی بەفر بارینەکە لە نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر رایکردووە، چەند رۆژێکە پۆلیس بەدوای دەستگیرکردنەوەی تۆمەتبارەکەبوون. بەڵام رۆژی 26ی مانگ کاتژمێر 6:55 خولەکی بەیانی چووەتە ئەو ماڵە و تاوانەکەی ئەنجامداوە، بە هۆی ئەوەی حەزی لە ئۆتۆمبێلی کوژراو بووە، هەربۆیە دوای تاوانەکە ئۆتۆمبێلیەکەشی بردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشکراشی کرد، تۆمەتبارەکە ناسیاویی لەگەڵ ماڵی کوژراوەکاندا هەیە.