گرووپە چەکدارەکانی سووریا هەوڵی گەمارۆدانی حەسەکە دەدەن

گرووپە چەکدارەکانی سووریا هەوڵی بڕینی رێگەی گەیاندنی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەدەن و مەرامیانە بگەنە حەسەکە و زیندانی 'سەناعە' بشکێنن.

سێشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2026، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 بۆ رۆژئاوای کوردستان لە نزیک زیندانی سەناعەی حەسەکەوە،  رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هەموو دەوروبەری شاری حەسەکە بڵاو بوونەتەوە و رێگە سەرەکییەکانیان کۆنترۆڵ کردووە، بە تایبەت دوروبەری زیندانی سەناعە بە هێزێکی تۆکمەی شەڕڤانان تەندراوە و رێکاری توندی ئەمنیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەر هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بدەنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، سەرەڕای ئاگربەست، بەڵام دوو رۆژە لە سنووری گوندەکانی سەفا و چل ئاغاوە هەوڵی دزەکردنی هێرش دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە زیندانی سەناعە، کە هەزاران چەکداری داعشی تێدا زیندانییە.

ئاماژەشی دا، چەکداران مەرامیانە هەردوو رێگەی سەرەکی حەسەکە کۆنترۆڵ بکەن بۆ ئەوەی رێگە لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان بگرن.

شەڕڤانێک بۆ کوردستان24 باسی لە مۆراڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد و گوتی: مۆراڵمان هەزارە و ئاسایشی زیندانی سەناعە لە دەستی هێزەکانی هەسەدەیە و هیچ مەترسییەک لە ئارا نییە.

گوتیشی: تاوەکوو زیندوو بین، دەرفەتی نزیکبوونەوەی بە هیچ چەکدارێک لە زیندانەکە نادەین، لە ئاسمانیشەوە فڕۆکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 24 کاتژمێرە بەسەر ئاسمانی زیندانەکەدا دەسووڕێتەوە.

شەڕڤانەکە ئاماژەی دا، نزیکەی 11 هەزار ئەندامی داعش لە زیندانی سەناعەدا هەن.