هەواڵگریی نیشتمانی عێراق ئەندامێکی داعشی لە ئەنبار دەستگیر کرد

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای ئەنبار، تیرۆریستێکی داعشی دەستگیر کرد کە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و پلانی دانابوو هێرشێکی خۆکوژی ئەنجام بدات.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی توانیویانە لە ناوچەی پێنج کیلۆی سەر بە پارێزگای ئەنبار، تیرۆریستێک دەستگیر بکەن کە ئامادەکاری کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی خۆکوژی.

راگەیەندراوەکە روونی کردووەتەوە، کە دەستگیرکردنی ئەو چەکدارە بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی چڕ بۆ جموجۆڵەکانی بووە، بەمەش توانراوە پێش ئەوەی هیچ کردەوەیەکی تاوانکاری ئەنجام بدات و پشتێنەکەی بیتەقێنێتەوە، دەستگیر بکرێت.