کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی سەختدایە و مەترسیی نەمانی نان هەیە

شاری کۆبانێ رووبەڕووی گەمارۆیەکی توند بووەتەوە و بە هۆیەوە گوزەرانی دانیشتووانی شارەکە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت.

 بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە رەققە، تەبقە، کەمپەکان و بەرەکانی شەڕەوە روویان لە ناوەندی کۆبانێ کردووە، ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر پێداویستییە سەرەکییەکان دروستکردووە.

لە کۆبانێ، سەرەڕای گرفتی کەمبوونی سووتەمەنی و کارەبا، ئێستا قەیرانی نان بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان. لە کۆی 30 نانەواخانە لە شارەکە و دەوروبەری، ئێستا تەنیا سێ نانەواخانە کار دەکەن، ئەوانیش نانەواخانەکانی (شێران، قەرەمەزرێ و عەلی)ن.

ئیسماعیل حاجیم بەڕێوەبەری نانەواخانەکانی کۆبانێ گوتی:"بەهۆی هاتنی ئاوارەکانەوە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دوو هێندە زیادی کردووە. ئێمە پێش شەڕ رۆژانە 15 بۆ 20 تۆن نانمان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا بەرهەمەکەمان گەیاندووەتە 25 بۆ 30 تۆن، کەچی هێشتا بەشی پێداویستیی خەڵک ناکات. هۆشداریش دەدەین کە تەنیا تا سێ رۆژی دیکە ئاردمان لە کۆگاکاندا ماوە، ئەگەر هاوکاریی نەگات، نانەواخانەکانیش پەکیان دەکەوێت."

کۆبانێ لە ناو جەرگەی ململانێیەکی سەختدایە، جیا لەوەی لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق گەمارۆدراوە، دانیشتووانی شارە و ئەو ئاوارانەشی روویان لە کۆبانێ کردووە، لە نێو سەرما و سۆڵەی زستان و نەبوونی پێداویستییەکانی ناوماڵ و خواردندا گرفتار بوون. ئێستا شارەکە لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی مرۆییدایە و ئاسایشی خۆراک لە مەترسیدایە.