لە عێراق 10 ملیۆن دارخورما هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە

توێژەرانی زانکۆی کوفە لە دوایین توێژینەوەیاندا ئاشکرایان کرد کە کۆمەڵە نەخۆشییەکی پێکهاتوو لە ڤایرۆس و بەکتریا، لە ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی وشکبوونی دارخورماکان، لەکاتێکدا بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە گومانەوە دەڕواننە قەبارەی مەترسییەکە و داوای بەڵگەی زیاتر دەکەن.

ناوچەکانی پارێزگای نەجەف، کەربەلا و بابل خاوەنی نزیکەی 10 ملیۆن دارخورمان، کە ئەو دارخورمایانە رووبەڕووی تێکچوونێکی خێرا بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە تیمێکی زانستی لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی کوفە بە هاوکاری تاقیگە پێشکەوتووەکانی کۆریای باشوور لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدەن.

دۆزینەوەی ڤایرۆسێکی نوێ
دکتۆر فازڵ عەبدولحوسێن، سەرۆکی لیژنەی توێژینەوەکە رایگەیاند، پشکنینەکان دەریانخستووە ئەم حاڵەتە "نەخۆشییەکی ئاڵۆزە" و کاتێک دارەکە تووشی فشار دەبێت وەک 'سوێری خاک و کەمئاوی' کاریگەرییەکەی کوشندە دەبێت.
لای خۆیەوە، حەورا ئیسماعیل ئەلیاسری، ئەندامی تیمەکە ئاشکرای کرد، بە هاوکاری کۆریای باشوور و بە بەکارهێنانی تەکنیکی (HTS)، توانیویانە "ڤایرۆسێک بۆ یەکەمجار لە جیهان و عێراق" دەستنیشان بکەن. هەروەها جۆرێک لە نیماتۆدایان دۆزیوەتەوە کە پێشتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار نەکراوە.
ئەلیاسری ئاماژەی بەوە دا کە رێژەی تووشبوون لە ئێستادا %5ـە و پارێزگای نەجەف زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ: گەورەکردنی بابەتەکە جێی پرسیارە
سەرەڕای هۆشداری توێژەران، د. سەمیر عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پاراستنی رووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ گومانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "قسەکردن لەسەر هەڕەشە بۆ سەر ملیۆنان دارخورما نیشانەی پرسیار دروست دەکات".
بەرپرسەکەی وەزارەت پێیوایە دارخورما توانای بەرگەگرتنی هەیە و مانەوەی تا ئێستا بەڵگەیە لەسەر بەهێزییەکەی، بۆیە داوا دەکات ئەم گریمانانە بە لێکۆڵینەوەی مەیدانیی فراوانتر پشتڕاست بکرێنەوە، نەک تەنیا پشتبەستن بە توێژینەوەی تاقیگەیی.

هۆکارەکان و چارەسەر
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی نەجەف هۆکاری بەشێک لەم کێشانە دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمتەرخەمی لە خزمەتکردن و نەبوونی بەبازاڕکردنی دروست بۆ بەرهەمی خورما. شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە ئەگەر چارەسەری بەپەلە بۆ ئەم "نەخۆشییە ئاڵۆزە" نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە ببێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی کشتوکاڵی عێراق.