مەزهەر محەممەد ساڵح: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار پەیوەندی بە دەنگۆ و دۆخی دەروونییەوە هەیە

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا تەنیا پەیوەندی بە دەنگۆ و دۆخی دەروونییەوە هەیە و کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست ناکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بازاڕی دۆلار زۆر بەخێرایی کاریگەریی هەواڵ و دەنگۆکانی لەسەر دەردەکەوێت؛ بەتایبەت کاتێک دەنگۆی ناڕاست یان هەواڵی نادڵنیایی سیاسی لە ناوچەکەدا بڵاو دەبێتەوە، خەڵک دەترسن و پەنا دەبەنە بەر کڕینی دۆلار و زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سامانەکانیان، هەر ئەم ترس و خواستە زۆرەش وای کردووە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بەرز ببێتەوە.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەم گرانبوونەی دۆلار ژیانی خەڵک قورس دەکات، راوێژکارەکەی سوودانی دڵنیایی دەدات کە "کاریگەریی لەسەر بژێویی خەڵک نابێت"، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە حکوومەت دۆلار بە نرخی فەرمی و هەرزان دەداتە بازرگانان بۆ هێنانی کاڵا و خۆراک، هەروەها حکوومەت یەدەگێکی بەهێزی هەیە و پارەی بەشەخۆراک، بەنزین، کارەبا و هاوکاریی جووتیاران دەدات، کە ئەمانە هەمووی رێگری دەکەن لەوەی گرانیی دۆلار بگوازرێتەوە بۆ ناو ماڵی هاووڵاتییان.

مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش دا، کە گرانبوونی زێڕ و دۆلار تەنیا پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە "پارەی زیادە"ـیان هەیە و دەیانەوێت پاشەکەوتی بکەن، نەک خەڵکی ئاسایی کە رۆژانە کاڵا دەکڕن.

وەک بەڵگەیەکیش بۆ قسەکانی، ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا (2025)، نرخی کاڵاکان زۆر کەم گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و رێژەی گرانبوون (هەڵاوسان) تەنیا 1.5% بووە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دۆخی بژێویی خەڵک پارێزراوە و سەقامگیرە.