گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: دەستپێشخەریی جەنگ ناکەین

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران سەرەڕای ئەوەی رەتی کردەوە دەستپێشخەریی جەنگ بکەن، بەڵام رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەی ناترسن

چوارشەممە 28ـی کانوونی 2026، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەی ناترسین، بەڵام گڕی ئاگر ناوچەکە و هەموو جیهان دەگرێتەوە.

دەشڵێت: ئێمە دەستپێشخەریی جەنگ ناکەین، بەڵام بەرگریی لە وڵات و نەتەوەکەمان دەکەین.

هەروەها ئاماژەی دا، لاوانی خوێنگەرمی ئێران سکاڵا و داواکاریان هەبووە، لە بەرانبەردا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەشێک لە چاکسازییە ریشەییەکانی کردووە و پرۆسەی چاکسازییەکانیش بەردەوام دەبێت.

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران دەڵێت: هێزە ئەمنییەکان جیاکاریان لەنێوان ناڕەزاییکارانی خاوەن ماف و ئاژاوەگێڕان کردووە، بەڵام ئیسرائیل ئێرانێکی سەربەرز و سەربەخۆی قبووڵ نییە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" نووسیویەتی: هێزێکی دەریایی (ئەرمادا) گەورە بەرەو ئێران بەڕێوەیە. بە خێرایی و بە هێز و مەبەستەوە دەجووڵێت. ئەم کەشتیگەلە، بە سەرۆکایەتیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری مەزن 'ئەبراهام لینکۆڵن' دەجووڵێت و، گەورەترە لەوەی بۆ ڤەنزوێلا نێردرا."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ بەرپرسانی تاران ئاماژەی دابوو: وەک پێشتریش بە ئێرانم گوتووە، رێککەوتنێک بکەن! ئەوان نەیانکرد، بۆیە 'ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو' روویدا، کە وێرانکارییەکی گەورەی ئێران بوو. هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت! مەهێڵن ئەوە دووبارە ببێتەوە."

ترەمپ داوا لە ئێران کرد بە زوویی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەڵێت: "هیوادارم ئێران بە زوویی 'بێتە سەر مێز' و دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان بکات، بێ چەکی ئەتۆمی رێککەوتنێک بۆ هەموو لایەنەکان باش بێت. کات لە تەواوبووندایە."