عراقچی: دەستمان لەسەر میلی چەکەکانمانە

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە هێزەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان، هاوکات ئامادەیی تارانیش بۆ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی "دادپەروەرانە" دەردەبڕێت.

چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، عەباسی عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند: هێزەکانمان بە باشترین شێوە بۆ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ بۆ هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی سەر خاکەکەمان ئامادە کردووە و وانەیەکی زۆر باشمان لە جەنگی 12 ڕۆژە وەرگرتووە.

دەشڵێت: بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر وڵاتەکەمان، دەستمان لەسەر میلی چەکەکانمانە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، عراقچی ئاماژەی بەوە داوە: لە هەمان کاتدا ئێران پێشوازی لە ڕێککەوتنێکی دادپەروەر و یەکسان دەکات کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، بە مەرجێک دوور بێت لە هەڕەشە و زۆرلێکردن، بە شێوەیەک کە مافی ئێران بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی مسۆگەر بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردووەتەوە، لە ئاسایشی وڵاتەکەیاندا هیچ شوێنێک بۆ چەکی ئەتۆمی نییە و هەرگیز بەدوای ئەو چەکەوە نین.

 ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" نووسیویەتی: هێزێکی دەریایی (ئەرمادا) گەورە بەرەو ئێران بەڕێوەیە. بە خێرایی و بە هێز و مەبەستەوە دەجووڵێت. ئەم کەشتیگەلە، بە سەرۆکایەتیی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری مەزن 'ئەبراهام لینکۆڵن' دەجووڵێت و، گەورەترە لەوەی بۆ ڤەنزوێلا نێردرا."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ بەرپرسانی تاران ئاماژەی دابوو: وەک پێشتریش بە ئێرانم گوتووە، رێککەوتنێک بکەن! ئەوان نەیانکرد، بۆیە 'ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو' روویدا، کە وێرانکارییەکی گەورەی ئێران بوو. هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت! مەهێڵن ئەوە دووبارە ببێتەوە."

ترەمپ داوا لە ئێران کرد بە زوویی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەڵێت: "هیوادارم ئێران بە زوویی 'بێتە سەر مێز' و دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان بکات، بێ چەکی ئەتۆمی رێککەوتنێک بۆ هەموو لایەنەکان باش بێت. کات لە تەواوبووندایە."