مافیاکانی دۆلار دەستگیرکران
یەکێک لە هۆکارەکانی ناجێگیری بەهای دۆلار لە عێراق بوونی دەیان گروپ و تاقمە کە یاری بە بەهای دۆلار بەرانبەر دینار دەکەن، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت؛ هەشت گروپی مافیای دۆلاریان هەڵوەشاندووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند؛ 941 کەسیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن دادگاوە داواکراوبوون و تۆمەتی تاوانە داراییەکانیان دراوەتەپاڵ، تاوانە داراییەکان زۆربەیان یاریکردنە بە بەهای دۆلار و قاچاخچێتی دۆلار.
بێجگە لەوەی بەشێک لە بازرگان و مامەڵەکاران، هۆکارن بۆ یاریکردن بە بەهای دۆلار، مافیا هەن کە لە بازاڕەکانی دراودا وەکو تۆڕ کاردەکەن و لەپێناو قازانجی خۆیان یاری بە بەهای دراوەکان دەکەن، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت؛ هەشت لەو مافیایانەی دەستگیرکردووە و هەڵیوەشاندوونەتەوە.
فێڵکردن لە هاووڵاتیان بەناوی مامەڵەکردن بە بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان، یەکێکی دیکەیە لەو تاوانانەی ئەنجامدراون، بەشێوەیەک؛ 31 کەس دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی لەبواری بیتکۆین و دراوی دیجیتاڵیدا فێڵیان لە خەڵک کردووە.
لە عێراق بە یاسا سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان و مامەڵەکردن لە بازاڕی فۆرێکس قەدەغەکراوە، بەڵام هەزاران کەس هەن لەو بوارانەدا کاردەکەن و فێڵ لە خەڵک دەکەن و دەبنە هۆی ناسەقامگیری بازاڕی دراوەکان.