ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ: خواست لەسەر زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە
پار ساڵ بەهۆی ترس لە دۆخی جیهان و ناسەقامگیرییەوە، خەڵکێکی زۆر روویان لە کڕینی زێڕ کرد و خواست لەسەری گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، بەڵام بەهۆی ئەوەی نرخەکەی زۆر گران بووە، خەڵک کەمتر زێڕ بۆ جوانکاری دەکڕن.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ رایگەیاند، ساڵی 2025 داواکاری لەسەر زێڕ 1% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5002 تۆن، کە ئەمە زۆرترین بڕە لە مێژوودا تۆمار کرابێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کێشە سیاسییەکانی جیهان و کەمبوونەوەی متمانە بە دۆلار، خەڵک وەک پەناگەیەکی ئارام پارەکانیان کردووە بە زێڕ، ئەمەش وایکرد نرخی زێڕ لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی 64% بەرز ببێتەوە.
جۆن رید، شارەزای بازاڕ لە ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ دەڵێت، "پرسیاری سەرەکی بۆ ئەمساڵ ئەوەیە، ئایا خەڵک هەروا بەردەوام دەبن لە کڕینی زێڕ بە مەبەستی قازانج و وەبەرهێنان؟."
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش خەڵک پارەیەکی زۆر لە کڕینی زێڕ و زیو و سکەدا خەرج بکەن، ساڵی پار کڕینی زیو لە 16% زیادی کردووە کە بەرزترین ئاستی 12 ساڵی رابردووە، بەگشتی کڕینی زێڕ بە مەبەستی وەبەرهێنان 84% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 2175 تەن.
لە بەرامبەردا، بەهۆی گرانی نرخەکەوە، پێشبینی دەکرێت خەڵک کەمتر زێڕی جوانکاری بکڕن، هەروەها بانکە ناوەندییەکانی جیهان بڕیارە 850 تۆن زێڕ بکڕن، کە کەمێک کەمترە لە ساڵی 2025 (کە 863 تەن بوو)، بەڵام هێشتا بڕێکی زۆرە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
کڕینی زێڕ بۆ جوانکاری ساڵی پار لە 18% دابەزیوە، بەتایبەت لە وڵاتی چین کە کڕین 24% کەمی کردووە، ئەمەش کەمترین ئاستە لە ساڵی 2009ـەوە.