دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 206 بارهەڵگر هاوکاریمان ناردووەتە رۆژئاوای کوردستان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماری کار و چالاکییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێنجەمین راپۆرتی خۆیدا، کۆی ئامار و چالاکییە مرۆییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەم ئامارانە سەرجەم چالاکییەکانی دەزگاکە لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پڕۆسەکەوە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەوی 28ـی کانوونی دووەم، لەخۆدەگرێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی (206) بارهەڵگر کۆمەک و هاوکاری رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە و (418) کرێکار و کارمەند لە پڕۆسەی دابەشکردن و گەیاندنی هاوکارییەکاندا بەشدار بوون.
ئەوەش خراوەتە روو، (6,609) خێزان لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون، هەروەها هاوکارییەکان گەیشتوونەتە (150) قوتابخانە.
سووتەمەنی
دەزگاکە بڕی (198,657) لیتر نەوتی بەسەر هاووڵاتییان و ناوەندەکاندا دابەشکردووە، کە تێیدا:
- (5,969) خێزان سوودمەند بوون.
- (169) قوتابخانە سووتەمەنییان بۆ دابینکراوە.
- (9) مزگەوت سووتەمەنییان پێدراوە.
دابینکردنی خواردنی گەرم
لە پڕۆژەی دابینکردنی ژەمە خواردنەکاندا، (19,979) ژەمە خواردنی گەرم ئامادەکراوە و دابەشکراوە، کە تێیدا (52) قوتابخانە و (3) مزگەوت سوودیان لێ وەرگرتووە.
تیمە تەندروستییەکان
تیمە پزیشکی و تەندروستییەکانی دەزگاکە خزمەتگوزارییان پێشکەش بە (3,160) کەسی سوودمەند کردووە، هەروەها لەو ماوەیەدا (41) قوتابخانە لەلایەن تیمەکانەوە بەسەرکراونەتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی، لە ڕێگەی خێرخوازانەوە بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان.